کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زانکۆیەکی وڵاتی دانمارک باس لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران کرا

12:14 - 18 سەرماوەز 2722

لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری کۆپێنهاگی وڵاتی دانمارک باس لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دوو نەتەوەی ڕاپەڕیوی کورد و بەلووچ بەتایبەتی کرا و هەروەها  تیشک خرایە سەر پەیوەستبوون و ڕۆڵی ژنان لەو ڕاپەڕینەدا.

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەز بەرانبەر بە ٨ی دێسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری کۆپێنھاگی وڵاتی دانمارک لەلایەن ڕاسموس ئیلینگ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەو زانکۆیە و ھەژار دەشتی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و ھەروەھا بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە، لەسەر خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران گفتوگۆیەک پێک هات.

سەرەتا بەیار ڕزگار لەلایەن ڕێکخراوی "سیلبا" کە ڕێکخراوێکی ناحکوومی بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی دێموکراسییە وێڕای بەخێرهێنانی هەر دوو کۆڕگێڕ، ئامانج لە پێکهێنانی ئەم کۆڕەی بۆ بەشداربووان خستە ڕوو و هەروەها تیشکی خستە سەر دوایین ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان. 

دواتر ڕاسموس ئیلینگ پڕۆفیسوری یاریدەدەر لە زانکۆی کۆپێنهاگ باسێکی لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێشکەش کرد و وێڕای شیکردنەوەی جیاوازییەکانی ئەو ڕاپەرینە لەگەڵ ڕاپەرینەکان و خۆپێشاندانەکانی پێشوو وتی، لەمە بەدواوە ئیتر لە ئێران سیاسەت وەک سێ مانگ لەمەوپێش بەڕێوە ناچێت.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان و هەروەها بەهێزبوونی ڕاپەڕینی خەڵک  لە کوردستان و بەلوچووستان کرد. نابراو بەهێزبوونی ڕاپەڕینی خەڵکی لە کوردستان و بەلووچستان بۆ خەباتی لەمێژینەی ئەو دوو نەتەوەیە گەڕاندەوە.

دواتر هەژار دەشتی لەسەر ڕاپەرینی نوێی گەلانی ئێران و بەتایبەتی شارەکانی کوردستان باسێکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا وێڕای ناساندنی حیزبی دێموکرات و خەباتی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو حیزب و لایەنانە کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕاپەرینە لە کوردستان زۆر بەهێزتر ببێت.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە ئاماری شەهید و برینداربووان و هەروەها دەسبەسەرکراوان لە کوردستان کرد کە ئەو ئامارە لە کوردستان بەنیسبەت شارەکانی ناوەند زۆر زیاترە.

هەژار دەشتی لە وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئامانجی کوردەکان ئەوەیە کە مافی نەتەوایەتییان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فێدراڵی دێموکرات دابین بکرێت و هەروەها ئاماژە بە گرینگیی هاوخەباتی نەتەوەکانی ئێرانی بۆ سەرخستنی ئەو شۆڕشە کرد.

لە بەشی کۆتاییدا هەر دو کۆڕگێڕ بە تێروتەسەلی وەڵامی پرسیاری بەشداربووانی ئەو کۆڕەیان لەسەر دوایین ڕەوشی ئێران و کوردستان دایەوە.