کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لەشاری"ئارهووس"ـی وڵاتی دانمارک

11:53 - 20 سەرماوەز 2722

یەکگرتوویی پشتیوانیی لە ڕابوونی گەلانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانیی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران و کوردستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە شاری ئارهووس لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە برد.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک لەلایەن یەکگرتوویی پشتیوانیی لە ڕابوونی گەلانی ئێران لە شاری ئارهووس لە وڵاتی دانمارک بە مەبەستی پشتیوانیی لەگەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
پاشان بە دانی دروشمی شۆڕشگێڕی لەلایەن هەژار دەشتی و خاتوو لەیلا حیسام شەریعەتی بەرنامەی کاری و مەبەست لە  خۆپیشاندان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و دانمارکی  ڕاگەیاندرا.

دواتر پەیامی یەکگرتوویی پشتیوانیی لە ڕابوونی گەلانی ئێران بە زمانی دانمارکی لەلایەن خاتوو هۆنیا ئازەربار و بە زمانی ئازەری لەلایەن شاهین سادقی خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم خۆپیشاندانەدا لەلایەن سەربەست ئورمیە بە زمانی کوردی و مێهرداد ڕەزایی بە زمانی فارسی پەیامی یەکگرتوویی پشتیوانیی لە ڕابوونی گەلانی ئێران پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی کەمپەینی  پشتیوانیی لە زیندانییانی سیاسی کورد کە چارەنووسیان لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ناروونە، لەلایەن خاتوو لەیلا حیسام شەریعەتی پێشکەش کرا.

 لە بڕگەی کوتاییدا لەلایەن بەڕێوبەریی خۆپێشاندانەوە ڕێز لە کاک شەهاب ئەحمەدی گیرا کە بۆ پشتیوانیی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، مەودای ٥٥ کیلۆمیتر تا شوێنی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان بە هەڵاتن هاتبوو.

نێوئاخنی خۆپێشاندان بە پارچە شێعرێک لەلایەن "نەورۆز کوردستانی" و سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن" یەدی چراغی"  و هەروەها چەندین سروودی شۆڕشگێڕی و مwزیک بە زمانەکانی کوردی، ئازەری، فارسی، لوڕی و بەلووچی خەملێندرابوو.