کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆروێژ خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

16:34 - 20 سەرماوەز 2722

بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ خۆپێشاندانێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە گۆڕەپانی شارەوانیی شاری ئوسلۆ بۆ پشتیوانیی لە شۆڕشی ژینا و مەحكوومكردنی جینایەت، گرتن و کوشتنی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە گشتی و كوردستان و بەلووچستان بە تایبەتی بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندانەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ و ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لە شارەوانیی ئۆسلۆ.

لە کاتی خۆپیشاندانەکدا میوانەکانی ئەو ڕێوڕەسمە بە بەردەم خۆپێشاندەراندا تێپەر دەبوون کە بریتی بوون لە باڵوێزی وڵاتان، کەسایەتییە سیاسی و جیهانییەکان.

خۆپیشاندەران خوازیاری کۆتاییهێنان بە ئێعدام و کوشتنی خەڵکی ناڕازی و هەروەها ئازادکردنی هەموو بەندکراوانی سیاسی بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ئەو سێ مانگە و لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون.

بەشێک لە دروشمی بەشداربووانی گۆڕەپانەکە بۆ داکۆکیکردن لە دوو هونەرمەندی ڕەپێر بە ناوەکانی توماج ساڵحی و سامان یاسین و هەرەوەها زیندانییانی سیاسی بوو کە مەترسیی ئێعدامیان لە سەرە و داوای ئازادییان بۆ دەکرا.

لە بڕیارنامەی خۆپیشاندانەکەدا، وێڕای مەحکوومکردنی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، داوا لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کرا، کە زۆر بە توندی دژی دەرکردنی حوکمی ئێعدامەکان بە تایبەتی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی لاوی ٢٣ ساڵە مۆحسێن شکاری هەڵوێست بگرێ و مەحکومی بکەن.

لە بەشێکی دیکە لە بڕیارنامەکەدا داوا لە وڵاتی نۆرویژ کرابوو کە پێوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران ڕابگرێ و باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئاخوندی لە وڵاتی نۆروێژ دابخرێ کە بووەتە بنکەیەکی تێرۆریستی.

بانگەوازی هێزە کوردییەکان بۆ ئەو خۆپێشاندانە، لەلایەن بەشێکی دیکە لە هێزە سیاسی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسیی کورد و ئێرانیەوە پشتگیری لێ کرا.

خۆپیشاندانەکە سەرنجی بەشێکی زۆر لە خەڵکی نۆروێژی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە شێوەی نووسراوە بە زمانی نۆروێژی ئامادە کرابوو کە لەنێو ڕێبواران و نۆروێژییەکاندا بڵاو دەکراوە.

بەشداریی ژنان و لاوانی ئازادیخواز لەو خۆپیشاندانەدا خاڵێکی دیکەی بەهێزی ئەو خۆپیشاندانە بوو.

حیزبە سیاسییەکانی ڕێکخەری ئەو خۆپیشاندانە بریتی بوون لە:

ـحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران 
ـ کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمونیستی ئێران 
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
-پژاک