کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە نیوزلەند بەڕێوە چوو

16:43 - 20 سەرماوەز 2722

بۆ پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران و هەروەها مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی نیوزلەند خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ بە کاتی نیوزلەند ڕەوندی ئێرانی بە بەشداریی سەدان کەس و ئەندامی حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی دوو کاتژمێر خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیی لە شۆڕشی خەڵکی ئێران و مەحکوومکردنی ئێعدامی مۆحسێن شکاری بەڕێوە برد.

لەم خۆپیشاندانەدا بەیاننامەی بنەماڵەی زیندانییان بە دوو زمانی ئینگلیزی و فارسی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە خۆپیشاندانەکەدا جەلال خەڵخاڵ بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نیوزلەند وتارێکی پێشكەش کرد و باسی لەوە کرد هەموومان دەزانین لە دوای بە تاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا لەلایەن خومەینی و دەستەکەی حوکمی ئێعدام هەموو ڕۆژێک لە ئێراندا بەڕێوە چووە و هەر وەک نەوید ئەفکاری وتی ئەو دەسەڵاتە نگریسە بۆ تەنافەکانی بەدوای ملی خەڵکدا دەگەرێت.

خەلخاڵ باسی لەوە کرد خامنەیی خۆی بە نوێنەری خودا دەزانێت و دژبەرانی خۆی بە موحاربە مەحکووم دەکات و هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی بە دڕندانەترین شێوە کپ دەکات.

ناوبراو وتی کە نەتەوەی کورد وێڕای هەموو سەختی و نەهامەتییەکانی ئەو حوکمانەشی زۆر بەسەردا سەپاوە و لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ١ هەزار و ٨٢٠ چالاکی سیاسی لە کوردستان لە بێدادگانی ڕێژیمی ئێراندا ئێعدام کراون.

خەڵخاڵ وتیشی ئەمڕۆش لاوەکانمان بە گولـلەی بەکرێگیراونی خامنەیی شەهید دەکرین و ئێستاش دەیانهەوێ ئەوانەی لە زیندان دان ئێعدامیان بکەن.
بەرپرسی کۆمیتەی حیزب وتی، ئێعدامی مۆحسێن شکاری کارێکی نامرۆڤانەیە و ڕاگەیاندنی شەڕی ئاخوندەکان لەگەڵ خەڵکی ئێرانە و ئەگەر خەڵک پاشکەشە بکات بە مانای ئەوەیە گیانی خۆشەویستەکانمان دەکەوێتە مەترسی و ئەگەری ئێعدامیان هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەو ڕێگایە گەڕانەوەی تێدا نییە و هەتا ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاناوەستین.