ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەز شاندێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب سەردانی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانی لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن باپیر كامەلا، سكرتێری پارتی كرێكاران و ڕەنجدەران و ئەندامانی مەکتەبی سیاسییەوە پێشوازیان لێ کرا.
لەم دیدارەدا شاندی خانەخوێ وێرای خۆشحاڵیی خۆیان لەو سەردانە، تیشكیان خستە سەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەندیدار بە ڕەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئالنگارییەكانی ناوچە. دواتر کاک خالید عەزیزی باسێکی گشتیگیری لەسەر سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و كاریگەرییەكانی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا کرد. بەڕێزیان هەروەها تیشكی خستە سەر هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پێكهێنانی كۆدەنگیی لایەنە كوردستانی و ئێرانییەكان و گەیاندنی دەنگی ڕاپەرینی خەڵک بە کۆر و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و گشتگیركردنی خەبات دژ بە ڕێژیمی ئێران.
لە میانەی دیدارەكەدا سەرکردایەتی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕۆڵی حیزبی دێموكراتیان لە بزاڤی نەتەوەیی ڕۆژهەلاتی كوردستاندا بەرز و بەپرسانە نرخاند و پێداگرییان لە سەر بەردەوامی پێوەندی و هاوكاریی نێوانیان كردەوە.