کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە پارلمانی سوئیس

14:36 - 21 سەرماوەز 2722

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ بەشێک لە پارلمانتارانی پارلمانی سوئیس کۆ بووە و لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا داوای پشتیوانیی ڕاپەڕینەکەی لێ کردن.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، دەوری یەکەمی کۆبوونەوەکانی بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ پارلمانتارانی پارلمانی وڵاتی سوئیس دەستی پێ کرد.

لەم کۆبوونەوانەدا بەرێز هیجری لەگەڵ کومیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی سوئیس و هەروەها فراکسیونەکانی پارلمانی سوئیس چاوپێکەوتن و دیداری دەبێت.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە فەرمی بانگهێشتی پارلمانی سوئیس کراوە، لە یەکەم دیدارییدا لەگەڵ بەشێک لە پارلمانتاران باسی لە ڕاپەڕین لە ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و داوای پشتیوانیی وڵاتانی ئورووپایی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆری کرد.

دیدار و چاوپێکەوتنەکانی کاک مستەفا هیجری لەگەڵ کۆمیسیۆن و فراکسیۆنەکان لە پارلمانی سوئیس درێژەی هەیە.