کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لە شاری "ئاڵبۆرگـ" ـی دانمارک

10:23 - 22 سەرماوەز 2722

لە وڵاتی دانمارک لە شاری ئاڵبۆرگ خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری "ئاڵبۆرگـ"ـی وڵاتی دانمارک گردبونەوەیەک لەلایەن کۆمەڵێک لە کوردستانیان و ئێرانیان، هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (AMNESTY ) و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و دانیشتوانی ئەو شارە بۆ پشتیوانیی و دڵگەرمیی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان لە ناوەندی شارەکە بەڕێوە چوو.
ئەم چالاکییە لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانیی لە گەلانی ئێران و ئەو بەرخودان و بوێرییەی کە ئێستا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئارا دایە و نزیکەی سێ مانگە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە بەردەوامە و خوێن بووەتە پێناسە بۆ قارەمانیەتی بەتایبەت بۆ خەڵکی بوێری ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

لەم گردبونەویەدا سەرەتا لەلایەن "پیا کلاوسن" ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی شارەوانی شاری ئاڵبۆرگەوە وتارێک بۆ پشتگیری لە گەلانی ئێران پێشکەش بە بەشداربووان کرا، پاشان لەلایەن بەرپرسی لقی ئاڵبۆرگی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (هانس هیتە) پەیامێک بە زمانی دانمارکی پێشکەش بە بەشدار بووان کرا، پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئایدا مەنووچەهری خوێندرایەوە.

هەروەها خاتوو فەڕەح سەبووری وەک ئیرانییەکی ئازادیخواز پەیامێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.