خۆپیشاندانێکی گەورە بۆ پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ڕیسواکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بە بەشداریی هەزاران کەس لە کورد و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە شاری ستۆکهۆڵمی پێیتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بە بەشداریی کورد و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی سوید لە سەر داوای عەلیرەزا ئاخوندی ئەندامی پارلەمانی سوید لە سەر لیستی پارتی ناوەڕاست و پشتگیری کۆمەڵێک لە چالاکی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمیتەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە گۆڕەپانی نۆرابان تۆریەت(Nora Bantorget ) بەڕێوە چوو.
گرینگی ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە لەوەدا بوو کە ئەو ڕۆژە هاوکات بوو لەگەل ٧٤ـەمین ساڵەوەگەڕی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبێل لە ستۆکهۆڵم کە تێیدا سەدان کەس لە کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی و زانا و پرۆفیسۆرە گەورەکانی جیهان تێیدا بەشدار بوون.
خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی سوید بە دانی دروشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی فارسی کوردی، سویدی و ئینگلیزی دەستی پێ کرد و دواتر چەندین کورتە وتار لەلایەن بەڕێوبەرانی خۆپیشاندانەکە خوێندرانەوە.
دواتر چەندین گۆرانیبێژی ئێرانی و کورد و ئۆکرایینی گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانەیان پێشكەش کرد کە دەکرێ لەنێو هونەرمەندە کوردەکاندا ئاماژە بە هونەرمەندان پێدرام شەهلایی و فەریبۆرز کەرەمی بکرێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا عەلیرەزا ئاخوندی وەک ڕێکخەری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە لە وتارێکی تێروتەسەلدا بە زمانی سوید باسی لە مەبەستەکانی بۆ ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیە کرد و لە وتەکانیدا باسی لە شەپۆلی نوێی ئێعدام و کوشتنی بەندکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد و داوای لە جیهانی ئازاد، ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەت و پارلەمانی سوید و هەموو میوانەکانی ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبێل کرد کە بەپەلە بە هانای بەندکراوانی سیاسی و بە تایبەت گیراوانی ئەم دواییانەی ئێرانەوە بچن.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی کورد و ئێرانی لە سەرانسەری سوید و سەرەڕای کەش و هەوای ساردی ١٠پلەی ژێر سفر، لە سەر بانگەوازی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و کۆمیتەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید لەو خۆپیشاندانەدا بەشداریان کرد.
شایانی باسە کە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بە ئیرادەی پۆڵایین بەشدارییەکی بەرچاویان گێڕا.