کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی ڕێزگرتن لە تام کمیچ لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کانادا بەڕێوە چوو

11:12 - 22 سەرماوەز 2722

کۆڕێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە "تام کمیچ" کادری ڕێبەریی حیزبی "کانسرڤاتیڤ" و ئەندام پارلمانی کانادا بۆ بەرفراوانکردنی پێوەندی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی "کانسرڤاتیڤـ"ـی وڵاتی کانادا لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و ماڵی کورد لەو وڵاتە پێک هات.  

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەز، لەلایەن کۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤانکۆڤێری ڕۆژاوای کانادا بە هاوکاریی ماڵی کورد لەو شارە، کۆڕێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە "تام کمیچ" کادری ڕێبەریی حیزبی کانسرڤاتیڤ و ئەندامی پارلمانی کانادا بە مەبەستی  بەرفەراوانکردنی پێوەندی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزب کانسرڤاتیڤی کانادا بەڕێوە چوو.

تام کمیچ سیاسەتوانێکی ناسراو و بە توانای کانادایی و دامەزرێنەری "دۆستانی کورد" لە پارلمانی ئەو وڵاتەیە و داکۆکی لە گەلی کورد دەکات. 

کمیچ لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد لێبراوانە پشتیوانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە کردوە.

ئەو کۆڕە بە پێشکەشکردنی هەر دوو سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و "ئۆ کانادا" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. 

دواتر ئیسماعیل ئیبراهیمی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا، بەخێرهاتنی تام کمیچ  و ئامادەبووانی کرد.
پاشان ژینۆ کەریمی وەک لاوێکی کورد و  گەورەبووی وڵاتی کانادا، هەوڵەکانی کمیچی بۆ پشتیوانیی لە گەلی کورد بەرز نرخاند و وێڕای سپاس بۆ ئەو چالاکییانە ئاماژەی بە چاوەڕوانییەکانی لاوانی کورد لە وڵاتی کانادا و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بۆ پشتیوانیی بە کردەوە لە گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کرد. 

هەروەها داوای لە وڵاتی کانادا کرد کە لە ئاستی ژینۆسایدی مرۆیی و کلتوریی گەلی کورد، میلیتاریزەکردنی کوردستان، دەسبەسەرکردن و شەهیدکرانی لاوانی کورد لە کچ و کوڕ و بۆ پێشگرتن لە تاوان و جینایەتی زیاتری ڕێژیمی ئێران زیاتر بێتە دەنگ.


لە درێژەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا لەلایەن فایزە پێشکەش کرا. 
کۆمیتەی حیزب لەو پەیامەدا وێڕای سپاس لە تام کمیچ و حیزبی کانسرڤاتیڤی کانادا، ئاماژەی بە پرەنسیپە هاوبەشەکانی هەر دوو حیزب وەک دێموکراسی، یەکسانی و مافی مرۆڤ کرد و ئەو پرەنسیپانەی وەک شانازییەک بۆ حیزبی دێموکرات کە یەکێکە لە کۆنترین حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لەسەر بنەمای دێموکراسی و یەکسانی دامەزراوە و لە ماوەی زیاتر لە ٧٧ ساڵ لە خەباتی ئەو حیزبەدا، سەرەرای جینایەتەکانی داگیرکەران  و وێرانکردنی شار و گوند و تیرۆری ڕێبەران و گرتن و ئەشکەنجە و  ئێعدام، ئەو حیزبە هەروا وەفادار بەو پرەنسیپە سەرەکییانە ماوەتەوە. 

پاشان پەیامی ماڵی کورد لە ڤانکۆوێر، لەلایەن ڕەزا مینبەری پێشکەش کرا . 

لە بەشێکی تری کۆڕەکەدا کمیچ وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕەوایی خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری کرد و بە ئاماژە بە مێژووی وڵاتی لەهێستان و وێکچوونی ئەو وڵاتە لە سەردەمی داگیرکراویدا لەگەل هەلومەرجی کوردستان، بەردەوامی لە خەبات و یەکیەتیی نەتەوەیی بە ڕەمزی سەرکەوتن و ڕزگاری پێناسە کرد. 

لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبووان پرسیار و تێبینیەکانیان خستە ڕوو و کمیچ بە وردی وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.