کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە شاری كلاگنفۆرت لە وڵاتی ئوتریش بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات

09:14 - 22 سەرماوەز 2722

خۆپیشاندانێک کە لەلایەن NGO  و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی شاری کلاگنفۆرت و شارەکانی سەر بە پارێزگای کرنتنی وڵاتی ئوتریش ڕێکخرابوو، بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز، بەرانبەر بە ١٠ی دێسامبری ٢٠٢٢ی زایینی لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خۆپیشاندانێکدا کە لەلایەن NGO  و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی شاری کلاگنفۆرت و شارەکانی سەر بە پارێزگای کرنتنی وڵاتی ئوتریش ڕێکخرابوو بەشدارییان کرد. 
لە خۆپێشاندانەدا هاووڵاتییانی ئوتریشی، ئۆکرایینی، کورد و ئێرانی تێیدا بەشدار بوون.

لەو خۆپیشاندانەدا سەرەتا لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لەسەر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە وڵاتان وتاریان پێشکەش کرا.

پاشان لەلایەن خەبات حوسێنی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێک بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا.

حوسێنی لە وتارەکەیدا سەرەڕای ئاماژە بە قەدەغەبوونی زۆر شتی ئاسایی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بۆ وێنە ناوی خەبات و هەروەها کوژرانی خێزانەکەی خۆی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە تاوانی بەرگریکردن لە مافی ژنان، باسی لە دۆخی ئێستای ئێران و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کرد.

لە پێوەندی لەگەل دۆخی ئێستای ئێران، خەبات حوسێنی ئاماژەی بەو دایک و باوکانە کرد کە لە کاتی دەرچوونی منداڵەکانیان لە ماڵ بۆ ئەرکێکی ئاسایی ڕۆژانە، بە تەمای ئەوە نین کە منداڵەکانیان بە تەندروستی بگەڕێنەوە ماڵ و هەر بۆیە ماڵاوایی لە منداڵەکانیان دەکەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەو چەک و چۆڵەی کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە و لە مامەڵەکردن لەگەل وڵاتانی ئورووپایی دەستی دەکەوێت، بۆ وێنە ئاماژەی بەو چەکانە کرد کە ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی داوای ڕەوای خەڵکەکەی خۆی لە خۆپێشاندانەکاندا کەڵکی لێ وەردەگرێت.

لە کۆتاییدا  حوسێنی داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کرد کە خەڵکی خۆپێشاندەری ئێران بە تەنیا نەهێڵن و پاڵپشتیی لە خۆپیشاندەران بکەن. 

لەو خۆپیشاندانەدا ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کرد و هەروەها دروشمی دژی ڕێژیمیش لەلایەن بەشداربووانەوە دووپات دەکرایەوە.