کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار و کۆبوونەوەکانی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلمانتارانی سویس

18:50 - 22 سەرماوەز 2722

مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی سەرماوەز لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەردانی پارلمانی سویسی کرد. بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خۆپیشاندەران و بەتایبەت میلیتاریزەکردنی کوردستان و جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارلمانتارانی پارلمانی وڵاتی سویس پێک‌هێنا.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات و هەیئەتی هاوڕێی لەگەڵ کۆمیسیۆنەکانی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی سویس و هەروەها لەگەڵ فراکسیۆنەکانی نێو پارلمانی ئەو وڵاتە بوو. لەو کۆبوونەوانەدا مستەفا هیجری بە وردی باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی خۆپیشاندەران کرد و لەو پێوەندییەدا زانیاری و دێکیۆمێنتی پێویستی لەمەڕ جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆخی میلیتاریزەکراوی کوردستان و کوشتنی سەدان کەس لە هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان و منداڵان و لاوان خستە بەر دەستی لایەنی خانەخوێ.

هیجری لە درێژەی باسەکانی لەو کۆبوونەوانەدا تیشکی خستبووە سەر ئەو بابەتە کە زۆربەی قوربانییەکانی ئەم دواییانەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران کورد و بەلووچ و نەتەوە بندەستەکانی دیکەن و ئەوە دەیسەلمێنێت کە زۆڵم و زۆر و تاوان دژی نەتەوەکانی ئێران چەند قات زیاترە؛ لە حاڵێکدا کورد و ئەو نەتەوانەش هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە و دامەزراندنی ڕێژیمێکی دێموکرات، سێکۆلار و فێدراڵ دەدەن. بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ڕاستە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری ئێمەیە وەک خەڵکی ئەو وڵاتە، بەڵام ئێمە هاوکات داوای پشتیوانی لەو ڕاپەڕینە و هەروەها مەحکوومکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێوە و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە، هاوکارییە نیزامییەلانی ئێران بە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین و پرسی بەرجام و سیاسەتی سازانی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەیئەتەکانی خانەخوێ بوو. بەڕێزیان ڕوو بە پاڕلمانتارانی سویس داوای ئەوە بوو کە وڵاتانی ڕۆژاوایی نەکەونە مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، چونکی بە‌هێزکردنی ئابووریی ڕێژیمی ئێران دەبێتە هۆی نائەمنیی زیاتری ناوچە و جیهان، هەروەها بەهێزکردنی زیاتری هێزە سەرکوتکەرەکان، سپای پاسداران و گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە ناوچە کە پەرەپێدەری تێرۆریزمن و بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی وڵاتانی ئورووپایی، خەڵکی ئێران لەو دانوستان و ئەگەری سازانە هیچیان پێ نابڕێت .

مستەفا هیجری لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارلەمانتارانی هەر کام لە فراکیسۆن و لێژنەکانی پارلمانی سویس ئەو داواکارییەشی بە ڕوونی خستە بەردەم ئەوان کە سویس باڵوێزخانەی ئێران لەم وڵاتە دابخات، یان لانیکەم پێوەندییە سیاسییەکانیان بۆ نزمترین ئاست دابەزێنێت. سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووری شوێندانەر بۆ سەر ڕێژیم و داموودەزگا سەرکوتکەرەکانی و پەسندکردنی گەمارۆی مافە مرۆییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە دژی ڕێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتی سویس و قەدەغەکردنی هاتن و سەردانی کاربەدەستانی ئێرانی کە دەستیان لە تاوان دژی خەڵکی ئێران هەبووە بۆ ئەو وڵاتە و بلۆکەکردنی دارایی و هەژمارە بانکییەکانی بەرپرسانی ئێرانی لەم وڵاتە چەند داوایەکی دیکەی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەیئەتەکانی پاڕلمانی سویس بوو.

کۆبوونەوەکانی مستەفا هیجری و شاندی حیزبی لەگەڵ پارلمانتارانی سویس لەنێو پارلمانی ئەو وڵاتە بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوام بوو. هەروەها لاپەڕەی فەرمیی حیزبی سۆ سیالیستی سویس و بەشێک لە پارلەمانتارانی سویسی دوای کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ کاک مستەفا هیجری و شاندی حیزب لە لاپەڕەکانی خۆیان لە توییتێر، ئینستاگرام و فەیسبووکدا بە بایەخەوە باسیان لە دانیشتن لەگەڵ کەک مستەفا هیجری و حیزبی دێموکرات کرد. بەدوای ئەو کۆبوونەوانەشدا بەرپرسی لێژنەی پێوەندییەکانی پارلمانی سویس لە نامەیەکدا بە شاندی حیزبی ڕاگەیاند کە پێشنیارێکیان پێشکەش بە کۆبوونەوەی پارلمان کردووە و داوایان کردووە پارلمان بە بڕیارێک پشتیوانی لە ڕاپەرینەکانی خەڵکی ئێران بکات.