کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی پارلمانی ئوسترالیا لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران

16:18 - 10 سەرماوەز 2722

ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژێکی مێژوویی لە پارلمانی ئوسترالیا بووە و لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوە گیراوە.

ڕۆژی دووشەممە لە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەکی بەیانی تا ٢ی دوانیوەڕۆ، دانیشتنێکی تایبەت بۆ گوێگرتن لەو جینایەتانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا دەرحەق بە خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستانی کردووە بەڕێوە چووە.

ئەم ڕێکخراو، لایەن و کەسایەتییانەی کە ڕاپۆرتەکانیان بەشێوەی حزووری و یان بە ڤیدیۆ پێشکەش کردبوو بریتی بوونه لە: "ڕێکخراوی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی یەکگرتوویی بۆ ئێران، کومیتەی کوردیش ناشناڵ لە ئوسترالیا لەلایەن تارا فاتحی، دوکتور کێڵی مۆر ، دوکتور سەبا وسیفی، پڕۆفسۆر بێن سۆڵ و دوکتور دارا کۆندویت لە زانستگای مێڵبۆرن".

دوای بیستنی ئەو ڕاپۆرتانە پارلمانی ئوسترالیا  بۆ تاوتوێکردنی ئەم ڕاپۆرتانە و دانی بڕیاری سزا لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەیەکی کورت لە داھاتوودا کۆ دەبێتەوە.

پەیامی "تارا فاتحی" یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پەیامەکان بوو کە ئاماژەیەکی وردی لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و تا بۆردومانی بنکەکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە خاکی باشووری کوردستان تێدا بوو.

ھاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە تایبەتەکەی نێو پارلمانی ئوسترالیا لەبەر دەرگای پارلمانی ئوسترالیاش خۆپیشاندانێکی گەورە بە بەشداریی کورد و ئێرانییەکان لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تا ٢ی دوانیوەڕۆ بەڕێوە چوو .