بەڕێز مستەفا هیجری، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە سویس، یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵیک ڕێنوێنی و پێشنیاری تایبەتی بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزبی خستە بەرباس.
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب لە سویس کۆ بووەیەوە.
لەو کۆبوونەوەدا سەرەتا بەڕێز مستەفا هیجری ڕوو لە ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە سویس لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات قسەی کرد.
لەو پێوەندییەدا ناوبراو باسی لەوە کرد کە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە پێویستییەکان بوو کە دەبا ڕوویدابا. یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات گڕوتینی دا بە خەبات و تێکۆشان چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات.
کاک مستەفا هیجری، لەو پێوەندییەدا کۆمەڵیک ڕێنوێنی و پێشنیاری تایبەتی بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزبی لەو قۆناغەدا خستە ڕوو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بە وردی باسی لەسەر بەشی پێوەندییەکان و زەروورەتی حوزووری ئەو بەشە لە کار و چالاکییە دیپلۆماسییەکان لەم ڕۆژانەدا کرد و داوای کرد لە داهاتوودا حوزووری چالاکانەی ژنان بەپێی لێهاتوویی و شارەزایی لە کار و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی حیزب بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کاک مستەفا هیجری وڵامی پرسیار، ڕەخنە و پێشنیارەکانی ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزبی دایەوە.