کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی دی لە سەرکەوتنەکانی شۆڕشی ژینایە.
کاک مستەفا هیجری لە کاردانەوە بە بڕیاری دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەویش بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە ڕایگەیاند ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرینگە لە تەریکخستنەوەی پتری ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکاندا. ئەو بڕیارەش کە سەبارەت بە پێشێلکردنی ڕەها و سەرکوتی سیستماتیکی مافی ژنان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی دژەژنەوە لەسەر ئەو ڕێژیمە دراوە، هەنگاوێکی دی لە سەرکەوتنەکانی شۆڕشی ژینایە.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەسکەوت بۆ جووڵانەوەی خەڵک لەقەڵەم داوە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ژنانی پێشەنگ و خەباتکار لە جووڵانەوەی ژینا، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بزووتنەوەی سێ مانگی ڕابردوو کردووە.