کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆرویژ خۆپیشاندانێک دژ بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێوە چوو

11:36 - 25 سەرماوەز 2722

ەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشێک لە هێزە کوردییەکان و چالاکانی سیاسیی دانیشتوو لە "ئۆسلۆ"ی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشێک لە هێزە کوردییەکان و چالاکانی سیاسی لە ئۆسڵۆ لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان دژی سەرکوتی گەلانی ئێران و بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە برد.

گرینگیی ئەو خۆپیشاندانە لەوەدا بوو کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی بانگهێشت کردبوو، تا بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆی لەمەڕ سەرکوت و ئێعدامی خەڵکی ناڕازی لە ئێران و بەتایبەتی سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر بەشێکی زۆر لە دەسبەسەرکراونی شۆڕشی ژینادا پێ ڕابگەیەنێت. 

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەوری سەرەکیی لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ئەو خۆپیشاندانەدا هەبوو و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەو خۆپیشاندانەدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدار بوون.

خۆپیشاندەران بڕیارنامەیەکیان بە زمانی نۆروێژی ئامادە کردبوو کە بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە و دەقی ئەو بڕیارنامەیەش ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کرا. 

خۆپیشاندەران بە زمانەکانی کوردی، فارسی و نۆروێژی دژی سیاسەتە سەرکوتکەرانەکەی ڕێژیم دروشمیان دا.