کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، خۆپیشاندانێک لە دانمارک بەڕێوە چوو

11:50 - 27 سەرماوەز 2722

"یەکگرتوویی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران"، بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران و کوردستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە شاری "ئارهووس" لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک لەلایەن "یەکگرتوویی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران" لە شاری "ئارهووس" لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو، ئەو خۆپێشاندانە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

پاشان بە دانی دروشمی شۆڕشگێڕی لەلایەن هەژار دەشتی بەرنامەی کاری و مەبەست لە  خۆپێشاندانەکە ڕاگەیەندرا.

دواتر پەیامی یەکگرتوویی پشتیوانی لە ڕابوونی گەلانی ئێران بە زمانی دانمارکی لەلایەن خاتوو فەریبا ئەمینی و بە زمانی فارسی لەلایەن خاتوو "ئاسیە مورواریدی"یەوە خوێندرایەوە. 

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم خۆپیشاندانەدا لەلایەن کەریم محەممەدی پارچە ئاوازێک بە ئامێری شمشاڵ لە سەر شەهید ژینا پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی یەکگرتوویی پشتیوانی لە ڕابوونی گەلانی ئێران بە زمانی کوردی لە لایەن" فاخر مەولوودی"یەوە  پێشکەش کرا.

هەروەها لەو خۆپێشاندانەدا پیشانگایەک بۆ وێنەی شەهیدانی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ژینا ڕێکخرابوو کە لەلایەن خۆپیشاندەران و هاووڵاتیانی دانمارکییەوە پێشوازیی لێ کرا.