کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا ڕێپێوانێک لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

11:57 - 27 سەرماوەز 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دانیشتووانی ئێرانیی وڵاتی فینلاند لە شاری هێلێنسکی،  ڕێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی دەیان کەس لە کورد و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، ڕێپێوانێک لە شاری هێلسینکی، پێتەختی وڵاتی فینلاند بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و گەلانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێپێوانەکە بە کۆبوونەوە لە وێستگەی شەمەندەفەری هێلسینکی ‌‌و بە سروودی "ئەی شەهیدان"‌و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەلانی ئێران دەستی پێ کرد و پاشان بەشداربووان بە ڕێپێوانێکی هێمنانە بەرەو بەردەم بینای پارلمانی فینلاند وەڕێ کەوتن و لەوێ کۆ بوونەوە.

بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێپێوانە داخوازیی بەشداربووانیان باس کرد و داوایان لە دەوڵەتی فینلاند و وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا کرد کە بە مەبەستی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ‌ و شۆڕشی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران، باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران بانگ بکەنەوە و هەروەها باڵوێزەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیان دەر بکەن.

شایانی باسە لە نێوئاخنی ئەم ڕێپێوانەدا، دروشمی پشتیوانیی لە شۆڕشی ژینا و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زمانەکانی کوردی، فارسی، فینلاندی ‌و ئینگلیزی خوێندرانەوە.