کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باباعەلی مێهرپەروەر: شانازیی بڕیاری بایکۆتی ڕێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ پێش هەمووان بۆ حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەی هەرگیز نەمر دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە

16:27 - 27 سەرماوەز 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی قازی لە شاری سترۆمێن ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

لە سەرەتای سێمینارەکەدا دەریا بابیل پێشکەشکاری بەرنامەکە چەند کۆپلە شێعری پێشكەش کرد.

دواتر خوسرەو قادری جێگری بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ پەیامی کۆمیتەی پێشکەش کرد.

پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان لەلایەن موژدە چاوشینی پێشکەش کرا. 

لە نێوئاخنی بەرنامەکاندا هێدی قادری سروودێکی شۆڕشگیڕیی بە هاوکاریی کۆڕی هونەری پێشکەش کرد.

دواتر بابا عەلی مێهرپەروەر وتارێكی لە پێوەندی لەگەڵ ٢٦ی سەرماوەز و ڕۆژی ئاڵا پێشکەش کرد. 

مێهرپەروەر لە سەرەتای وتارەکەیدا بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد. 

ناوبراو باسی لەوە کرد پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان دوو سەمبولی بەگژداچوونەوەی دوژمنانی کوردستانن. دوژمنانی کورد هەموو کات هەوڵی زۆریان داوە کە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە خەوشەدار بکەن و لە گەورەیی پێشمەرگە کەم بکەنەوە، بەڵام گەورەیی و خۆنەویستیی پێشمەرگە وای کردووە کە هەموو کات خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت.

مێهرپەروەر لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینادا ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا پێشەنگی هەموو خۆپێشاندانەکەن. لەو ڕاپەرینەدا دروشمی "ژن ژیان ئازادی" نە تەنیا کوردستان و ئێران بەڵکوو دنیاگیر بووە، ئەوەش هۆکارێک بوو کە دنیای دەرەوە گرینگیەکی تایبەتی بەو شۆڕشە بدات و هاوکات لەوە تێبگەن کە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ئێراندا چەندین ساڵ بەردەوام بووە. تەنانەت لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ئەو ڕێژیمە بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو جۆرە چەکێک بەر بووەتە گیانی خەڵکی کوردستان.

ناوبراو وتی، ئەو شۆڕشە لەگەڵ هەموو تاڵی و ناخۆشییەکانی دەرەتان و دەرفەتێکی باشی بۆ گەلی کورد خولقاند کە نەتەوەکانی دیکە ڕەوایی بدەن بە خەبات و تێکۆشانەکانیان. خەڵکی ئێران بیریان هاتەوە کە خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ بە تێکڕا دەنگی "نا"یان بە ڕێفراندۆمی حکوومەت وت و شانازیی ئەو بڕیارە پێش هەمووان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەی هەرگیز نەمر دوکتور قاسملوو پێشەنگی ئەو بڕیارە مێژووییە دەگەڕێتەوە. 

ناوبراو باسی لەوە کرد دوژمنانی کوردستان چ لە سەردەمی حکوومەتی پێشوو و چ لە ڕێژیمی ئێستادا بۆ ڕەواییدان بە کوشتنی کوردەکان، خەڵکی کوردستانیان بە "تەجزیەتەڵەب" پێناسە کردووە هەر ئەوەش دەستی ئاوەڵا کردوون بۆ سەرکوتی خێڵەکی لە کوردستان.

باباعەلی مێهرپەروەر باسی لەوە کرد کە خامنەیی هەموو کات شۆڕشەکان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی نێوخۆ بە جۆریک پێناسە دەکات کە خەڵک لەلایەن دوژمنانی دەرەوە هان دەدرین بۆ شێواندنی ئێران و هەر بۆیەش وەکوو دوژمن لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی هەڵسوکەوت دەکات.

باباعەلی لێکنزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکانی وەک زەرورەتێک باس کرد و ئاماژەی بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات کرد کە جیا لە بەهێزتربوونی حیزبەکەمان، لە نێوخۆشدا هۆکارێک بوو کە خەڵک یەکیان گرتەوە و ئەوەی خەڵک باشتر لە جاران بە دەنگ بانگەوازی حیزبەکانەوە بێن بۆ مانگرتنەوەکان. 

ناوبراو لەو هەڵومەرجەی ئێستا جیا لەوەی ئاواتی بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی دیکەی کوردستانیش خواست ئاماژەیان بەوە کرد کە پێکهێنانی بەرە زۆر پێویستە و کورد دەتوانێ باشتر دەنگی خۆی بە دنیای دەرەوە و هێزەکانی دیکەی ئێرانیش بگەیەنێت. 

مێهرپەروەر وتی؛ لە ئێستادا وڵاتان بەگشتی گرینگی بە پرسی ژنان و خەڵکی نێوخۆی ئێران دەدەن و هەروەها هاوکاریی ئێران لەگەڵ ڕووسیە لە دژی ئۆکراین هۆکاریکی دیکەیە کە وڵاتانی ئورووپایی دژی حکوومەتی ئێران هەڵوێست بگرن.

باباعەلی مێهرپەروەر وتیشی کە خەریکە لەسەر ئەو پرسانە بازنەیەکی سیاسی بۆ گوشار لە دژی ئێران پێک دێ کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووبەری ئەو بازنە تەنگتر دەبێ و زیاتر گوشار بۆ ئێران دێنێ.

کۆمیتەی لێکۆڵینەوە هەوڵ دەدا کە جینایەتەکانی ڕێژیم بەڵگەمەند بکات و هەروەها دەرکردنی ڕێژیم ئێران لە کۆمیتەی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی وڵاتانی دەرەوە بوو کە دەنگی خەڵکی ناڕازیی ئێرانیان بیستووە و ئاگاداری ئەو زوڵم و نایەکسانییەن کە دەرهەق بە ژنان دەکرێت.

ئەوەی جێگای ئۆمێدە ئەوەیە کە ڕێژیم سەرەڕای هەموو دڕندەییەکەی بە درێژایی تەمەنی نگریسی خۆی قەت بە قەدەر ئەو ماوەیە زەبوون و داماو نەبووە بە دەست خەڵکی ئێرانەوە. 

لە ساڵۆنی سێمینارەکە یەکیەتیی لاوان پیشانگایەکی وێنەی هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژینایان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبووەوە کە لەلایەن بەشداربووانەوە پێشوازیی لێ کرا.