کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لە وڵاتی کانادا

16:44 - 27 سەرماوەز 2722

خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە بەشداریی هەموو ڕێکخراوە کوردی و ئێرانییەکان، بە مەبەستی پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لە وڵاتی کانادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کوردانی دانیشتووی وڵاتی کانادا بە هاوکاریی ڕێکخراوە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لە شاری ڤانکۆڤێری کانادا بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەکە لەبەر دەرکی "ئارت گەلەری" دەستی پێ کرد و بە ڕێپێوان بە نێو شەقامەکانی ناوەندی ڤانکۆڤێر درێژەی کێشا.

کوردەکان بە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون و سەرەڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندەرانی کوردستان و ئێران، ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانیان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا جاگمیت سینگ، سەرۆکی حیزبی NDP، لە پەیامێکدا بەڵێنی دا کە لە پارلمانی کانادا هەوڵی خۆی بدا بۆ دەرکردنی ئێرانییەکانی سەر بە ڕێژیم لە کانادا و دەست بەسەر مڵک و ماڵیاندا لەو وڵاتە بگیرێت.

ناوبراو هەروەها وتی کە هەموو هەوڵی خۆم دەدەم کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لە پارلمانی کانادا بناسێندرێت.

شایانی باسە کە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی خۆپیشاندانەکان ڕۆڵی سەرەکیی لە ڕێکخستنی ئەو خۆپیشاندانەدا هەبووە.