
بە بەشداریی بەڕێز تەیموور مستەفایی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەریی حیزبی دێموکرات وێبینارێک سەبارەت بە بەرزڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگە لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێبینارێکی لەسەر ڕۆژی پێشمەرگە بۆ تەیموور مستەفایی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب پێک هێنا.
سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
مستەفایی لە بەشێک لە وێبینارەکەدا تیشکی خستە سەر خەباتی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات و هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ بەتایبەتی شۆڕشی ژینا باسێکی پێشکەش کرد.
بەڕێز مستەفایی، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە لە هەموو ئەندامان و بنەماڵەی شەهیدان وتی، خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە دیتووە و حیزبی دێموکرات، وەک بەشێکی سەرەکیی لەم خەباتەدا قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕ کردووە.
ناوبراو بە ئاوڕدانەوەیەکی کورتی مێژوویی، ئاماژەی بەو بڕگە مێژووییانە کرد کە ئێستاش بایەخ و کاریگەری خۆی هەر ماوە وەکوو، دروستکردنی هێزی پێشمەرگە و سپای میللی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و نەخشی ئەو هێزە لە پاراستن و بەرگریکردن لە نیشتمان و کۆماری کوردستان و هەروەها قوناغی خەباتی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦و ٤٧ی هەتاوی کرد.
تەیموور مستەفایی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شۆڕشی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان و ئێران کرد کە پێی ناوەتە چوارەمین مانگی خۆی و ناوبراو لەمبارەوە سەرەڕای بەرزنرخاندنی خەباتی ژن، ژیان، ئازادی، وتی کە لە ئێستادا خەڵکی کوردستان پێشمەرگەئاسا ئەرکی خۆیان لەپێناو دابینکردنی کەرامەت و ئازادیی مرۆیی بەوپەڕی باشییەوە بەڕێوە دەبەن و لەو پێناوەشدا دەیان شەهید و سەدان برینداریان داوە.
بەڕێزیان بەئاماژە بە بوێری و لەخۆبردوویی خەڵک و خۆڕاگریی بنەماڵەی شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە وتی کە کوردستان ئێستا بە کردووە ئەوەی سەلماندووە کە دەکرێ ببێتە نموونەیەکی باش بۆ سەرتاسەری ئێران لەبەر ئەوەیکە بە ڕێکخراوەیی و یەکگرتووانە لە ڕێگەی هێزە سیاسییەکانەوە توانیویەتی بەرپەرچی پیلانەکانی ڕێژیم بداتەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دەور و نەخشی حیزبی دێموکرات و ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە ڕێبەری و بردنە پێشەوەی خەباتی هێمنانەی خەڵکی کوردستان دژی سەرکوت و شەهیدکردنی لاوان و کچانی کوردستانی کرد و لە کۆتاییدا جارێکی دیکە وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات وتی: "ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە هاوخەباتی و یەکگرتوویی هەیە، ئەندامان و چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات دەبێ بە خۆپیشاندان و چالاکییەکانیان گوشار بخەنە سەر دەوڵەتانی ڕۆژاوایی بەڵکوو کۆتایی بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێنن و باڵوێزخانەکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتەکانیان دابخەن.