کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی لەسێدارەدان لە ئێران لە وڵاتی فەرانسە بەڕێوە چوو

11:48 - 28 سەرماوەز 2722

لەسەر بانگهێشتی سەندیکای پارێزەرانی پاریس، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژ بە لەسێدارەدان لە ئێران، بە بەشداریی کوردان و ئێرانییانی دانیشتوو لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرانسە و هەروەها ئەنجومەنی دێموکرات-پاریس (بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە ئێران) پێکهاتوو لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و بزووتنەوە ئۆپۆزیسیۆنە دێموکرات و کۆماەریخوازەکان لەو شارە بەڕێوە چوو. 

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی سەندیکای پارێزەرانی پاریس، گردبوونەوەیەک دژی لەسێدارەدان لە ئێران لە گۆڕەپانی باستیلی ئەم شارە بەڕێوە چوو.

ڕێکخراو و بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنە دێموکرات و کۆمارییەکان کە پێشتر پشتیوانییان لە بانگەوازی کۆمەڵەی پارێزەران دەربڕیبوو، ئەمجارەش لەو گردبوونەوەیەدا یەکگرتوو بوون لە ئاشکراکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی دژەگەلیی ئاخوندەکان و داوای ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتەیان کرد و هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ خەباتی شۆڕشگێڕانە و ڕاپەڕینی گەلان لە نێوخۆی ئێران دەربڕی.

لە گردبوونەوەکەدا سەرەتا پەیامی هاوپشتیی پارێزەران لەگەڵ بزووتنەوەی داواکاریی گەل، لە دژی سیاسەتەکانی سەرکوت و لەسێدارەدانی ئازادیخوازان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

دواتر نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی فەرانسە، لەوانە پارتی سۆسیالیست "فەرانسەی بێ خویندرایەوە چەواشەکار"، پارتی سەوز و هەروەها نوێنەری پارتی دەسەڵاتداری سەرۆککۆمار "ئیمانوێل ماکرۆن" چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و بەتوندی ئیدانەی سیاسەتی سەرکوتکارانە و دژەگەلیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان کرد.

کۆبوونەوەی سپێکترۆم و ڕەوتی سیاسی و مەدەنیی جیاواز لە دژی ڕێژیم لە پاریس، سەرەڕای کەشوهەوایەکی سارد، ئەمجارەش بە کەشێکی پڕ لە یەکڕیزی و ئیرادە بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێهات.

بەشداربووان دژایەتیی توندی خۆیان بۆ هەر جۆرە ڕەوتێک دەربڕی کە پێچەوانەی خواستی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بێت.