
کوردان و ئێرانییانی دانیشتوو لە وڵاتی ئوسترالیا بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هەروەها پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی و دژ بە ئێعدام، لە گۆڕەپانی "کۆنسێرت هۆڵـ"ـی شاری پێرت لەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک بە بەشداریی کوردان و ئێرانییان، بۆ پشتگیری لە سەرهەڵدانەکانی کوردستان و ئێران بەگشتی و پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی و دژ بە ئێعدام بەتایبەتی، لە گۆڕەپانی "کونسێرت هۆڵ" لە شاری پێرت لە ڕۆژاوای ئوسترالیا بەڕێوە چوو.
لەو خۆپیشاندانەدا سەرەتا پەیامێک بە زمانی فارسی لەلایەن مەسعوود سەمەدی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا پێشکەش کرا.
لەو پایەمەدا هاتبوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی جینایەتکار و مرۆڤکوژ، هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای دەسەڵاتی خۆی دەستی بە کوشتوبڕی دژبەرانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جینایەتانە کرد، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دامەزراند و دادوەرەکانی شەرعی(حاکمان شرع) خۆی وەک خەڵخاڵی بەرەو کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران ڕەوانە کرد.
هەروەها ئەو ڕێژیمە ئێعدامی دژبەران، بەتایبەتی لاوانی کوردستان و باقی نەتەوەکانی بندەستی لە درێژەی تەمەنی خوێدا وەک یەکێک لە نامرۆڤانەترین جۆرەکانی سەرکوت و کوشتن بەکار هێناوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو: "ئێمە دانیشتووانی دەرەوەی وڵات، هەتا داخستنی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بڕینی پێوەندیی وڵاتی ئوسترالیا لەگەڵ ئەو ڕێژیمە درێژە بە خۆپێشاندانەکانمان دەدەین".
کۆبوونەوەکە بە دروشمدان و ڕێپێوان بە چەند شەقامی شاردا دوای دوو کاتژمێر کۆتایی پێهات.