
کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز و پشتیوانی لە خۆپیشاندانی گەلانی ئێران لە شاری بیرمێنگام لە وڵاتی بریتانیا خۆپیشاندانێکی بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات له ناوەندی شاری بیرمێنگام لە وڵاتی بریتانیا بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان و هەروەها پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی خەڵکی ئازادیخواز و بەتایبەتی لاوان، خۆپیشاندانێکی بەڕێوە برد.
خۆپیشاندانەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
خۆپیشاندەران دژی ڕێژیمی ئێران دروشمی "کورد و بەلووچ و ئازەری ـ ئازادی و بەرابەری، بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە ڕۆڵەی پێشەواین بۆ کوردستان گیانفیداین و نا بۆ سێدارە"یان وتەوە.
خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان" بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کۆتایی پێهات.