کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەدایکبوونی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

11:45 - 2 بەفرانبار 2722

شەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری نەمر شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڕێوڕەسمێکدا لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "نۆرد ڕاین وێستفالێنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و یادكردنەوەی شەهیدانی شەوی یەڵدا لە كۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "نۆرد ڕاین وێستفالێنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و فیداکاریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە دەستپێکدا فەرزانە ڕەشید زادە، وەک بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و بەشداربووان، کورتەیەکی لەسەر شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی شەهید دوکتور قاسملوو و هەروەها تەقینەوەی شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی پێشکەش کرد کە کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەی حیزب لەو تەقینەوەیەدا شەهید بوون.

دواتر لەلایەن حیسام ئەحمەدی و بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، باسێکی لەسەر پێگەی شەهید دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕەنگدانەوەی هزر و ڕامانی دوکتور قاسملوو لە شۆڕشی ژینادا کرد.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕۆڵی دوکتور قاسملووی وەک کەسایەتییەکی ئاکادیمیک و ڕێبەرێکی کاریزماتیک کە کاریزمابوونی خۆی کردە هەوێنی شوێندانەرتربوونی ڕێبازی حیزبی دێموکرات، بە وەرچەرخانێکی گرینگ لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتدا ناو برد.


لە کۆتاییدا ئەحمەدی "شەهید کران، بریندارکردن، دەسبەسەرکردن و سەپاندنی حوکمی ناڕەوای قورس" لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەسەر خەڵکی کوردستان، بە درێژەی پرۆژەی توندوتیژیی سیاسی و تێرۆریزمی ڕێژیم لە دژی خەڵکی کوردستان ناو برد کە ئەو کردەوانە سەلمێنەر و نەمانی شەرعییەتی ڕێژیم لە کوردستان و ئێران دەگەیەنێت کە بەهێزی سەرکوت و تاوان هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی دەدات.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا حوسێن خوڕەی، نوێنەری ڕێکخراوی فیدائییانی خەڵکی ئێران ئەکسەرییەت، پەیامێکی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا ئاماژەی بە کەسایەتی بەرزی دوکتور قاسملوو و خەباتی حیزبی دێموکرات کرد.
دواتر پارچە شێعرێک بەو بۆنەوە لەلایەن ئەلوان شڤان، پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی تردا مامۆستا سەدیق شرنەخیی، کەسایەتیی سیاسی و نوێنەری پارتی دێموکراتی کورد- سوریە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەردەوامیی ڕێبازی دوکتور قاسملوو لە ئێستای خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئاڵوگۆڕەکانی نوێدا پێویستە بە وشیارییەوە هەنگاو بنرێت و ڕێگا نەدرێت دەسکەوتەکانی کورد بەتاڵان ببرێن.

دواتر پارچە شێعرێک لەلایەن بەهار حوسێنی بەو بۆنەیەوە خوێندرایەوە، هاوکات پەخشانێک لەژێر ناوی "شەوەزەنگ" لەلایەن ئەیووب مورادی و شێعرێک كە لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەو بۆنەیەوە ناردرابوو لەلایەن كەمال حەسەن‌پوور خوێندرایەوە.

لە دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا پارچە شێعرێک لەژێر ناوی "مانگ" لەلایەن ئارام کەیخوسرەوەی، خوێندرایەوە و ڕێوڕەسمەکە بە دروشمی "ژن ـ ژیان ـ ئازادی" کۆتایی پێهات.

لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەرانی بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەشدار بوون.