کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە وڵاتی ئۆسترالیا بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی گەڵانی ئێران

11:11 - 12 سەرماوەز 2722

کورد و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوسترالیا بەمەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران، خۆپیشاندانێکیان لەو وڵاتە بەڕێوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا وێڕای دانانی دەیان وێنەی شەهیدانی ڕاپەڕینی "ژینا" چەندین سروودی کوردی و فارسی و وتار بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی و کوردی پێشکەش کران.

چەند سێناتۆر و پارلمانتاری پارلمانی ئۆسترالیا ھاتنە ناو خۆپیشاندانەکە و وتاری کورتیان پێشکەش کرد و لە وتارەکانیاندا بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی ئۆسترالیا دەبێت بە زووترین کات ھەنگاوی پێویست بە دژی ئێران هەڵبگرێت و گەمارۆی ئابووری بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران.

ئەو سیناتۆرانەی کە لەو خۆپیشاندانەدا وتاریان پێشکەش کرد بریتی بوون لە:

تیم وەتس یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا  لە حیزبی کار

سێناتۆر کڵیە چاندڵە لە حیزبی لیبڕاڵ

سێناتۆر سایمێن بیریمانگھەم لە حیزبی لیبڕاڵ

سیناتۆر دەیڤید ڤەن لە حیزبی لیبڕاڵ

سێناتۆر ئەلیشا پێین لە حیزبی کار

سێناتۆر دەیڤید شۆبریج  سەربەخۆ

سێناتۆر کیلیا تینک سەربەخۆ

ھەروەھا وتاری خاتوو تارا فاتحی و شەھلا پەیرەوان بە ئینگلیزی پێشکەش کرا.

لە درێژەی پەیامەکاندا کیژی ١١ ساڵە میلیسا سەراجی پوور، بابەتێکی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش کرد و پاشان خۆپیشاندەران بەرەو باڵویزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کانبێڕا وەڕی کەوتن و کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ تا ٥ی ئێوارێ لەبەر دەرگای باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانێکی گەورەیان بەڕێوە برد.