کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سوید کۆڕیادێک بۆ شەهیدێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

11:19 - 5 بەفرانبار 2722

کۆڕێکی ماتەمین بۆ شەهید محەممەد حاجی ڕەسووڵی، بە بەشداریی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوید بەڕێوە چوو.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بنەماڵەی شەهید محەممەد حاجی ڕەسووڵی لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، بە بەشداریی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕێکی ماتەمینیان بۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە برد.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەلایەن عەباس یارییەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

پاشان هیوا حاجی ڕەسووڵی، برای شەهید محەممەد، وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان، باسێکی پڕ ناوەڕۆکی لە خەبات و تێکۆشانی بێوچان و بیریندار بوونی شەهید محەممەد لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا کرد و بە گشتی باسێکی لە ژیانی ناوبراو کرد.

هەروەها کەریم حاجی ڕەسووڵی برای شەهید محەممەد، بە هەمان شێوە باسێکی لە ژیانی پێشمەرگایەتی و قارەمانیی ناوبراو کرد کە دوای گەڕانەوەشی بۆ ڕۆژهەڵات هیچکات کۆڵی نەداوە و بەردەوام بۆ هەموو ئەرکێکی حیزبی ئامادەی فیداکاریی بووە و بە دڵ لە خزمەتی نەتەوە و حیزبەکەیدا بووە.