کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

15:39 - 5 بەفرانبار 2722

خۆپیشاندانێک بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، پارتی ئازادیی کوردستان و نوێنەرانی نەتەوەکانی بەلووچ و عەرەب دژ بە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری هامبورگی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و پارتی ئازادیی کوردستان لەگەڵ چەند کەس لە نوێنەرانی نەتەوەی عەرەب و بەلووچ دژ بە سەرکوت و شەهیدکردنی ئازادیخوازانی شۆڕشی ژینا و بوردمانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە شاری هامبورگی ئاڵمان خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاک شەهیدانی ڕێگای ئازادیی كوردستان دەستی پێ كرد.

پاشان پەیامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لەلایەن كەماڵ حەسەن پوور خوێندرایەوە.

دواتر پەیامی نەتەوەکانی بەلووچ و عەرەب لەلایەن نوێنەرانی ئەو نەتەوانە، جەواد بەلووچ و هادی یوونسی خوێندرایەوە.

لەئێوئاخنی بەرنامەکاندا خۆپیشاندەران بە زمانەکانی کوردی، ئاڵمانی و فارسی دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان وتەوە و هەروەها بە خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی لەلایەن محەممەد تاهوو درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا.

لە بەشی كۆتایی خۆپیشاندانەکەدا غەزەڵ ئیلامی پەیامی پارتی ئازادیی كوردستانی خوێندەوە و بە وتنەوەی لەلایەن بەشداربووانەوە كۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.