کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی کاسبکارێکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە لە سنووری پیرانشار

12:01 - 7 بەفرانبار 2722

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری پیرانشار، بە ماشین هەڵیانکوتایە سەر کاسبکارێکی خەڵکی ئەو شارە و بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەی گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاسبکارێکی خەڵکی گوندی گەزگەسکی پیرانشار بە ناوی حەسەن مورادیان، لە حاڵێکدا کە دوو سەر مەڕی پێ بووە و بە ماشین بەرەو ماڵی خۆی دەڕۆیشتەوە، هێزە داگیرکەرەکانی هەنگی سنووری ڕێژیم لە جاددەی پیرانشار بەئەنقەست بە ماشین خۆیان پێداداوە، و بەو هۆیەوەی ماشینەکەی وەڕگەڕاوە و ناوبراو دەسبەجێ گیانی لەدەست‌ داوە.

هێزە داگیرگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، دوای ڕووداوەکە شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە و دواتر کە خەڵکی ناوچەکە بەدەم ئەو کاسبکارەوە چووبوون و تەرمەکەیان هەڵگرتبووە، هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی چوونەتە نێو خەڵک و هەڕەشەیان کردووە کە قەرەباڵغی دروست نەکەن و بە زووترین کات تەرمەکەی بەڕێ کەنەوە.