کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب: نەمر عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور، ئەندامی بەوەجی ڕێبەری و جێگای متمانەی ڕێبەریی حیزب بوو

22:30 - 7 بەفرانبار 2722

(ڕاگەیەندراو بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور لە وڵاتی ئاڵمان)

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

ئەندامان و تێکۆشەرانی دێموکرات!

بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانبار (٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) کاک عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی جووڵانەوەی کورد لە ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.

کاک عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور خەرمانانی ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی (١٩٣٤ی ز) لە گوندی حاجی بەرکەولیی گەڵی قاسملوو لەدایک بوو. ئەو لە بنەماڵەی گەورەی قاسملوو بوو. کاک عەبدوڵڵا، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە تەمەنی ١٤ ساڵید لەژێر ڕێنوێنیی شەهید د. قاسملوو پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت و سەرەڕای تەمەنی کەمی، شانی وەبەر ئەرک و بەرپرسایەتیی گرینگ و هەستیاری حیزبی نا. ئەو یەکێک لە بەشدارانی کۆنفڕانسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان (١٣٣٤) بوو کە لە بووژاندنەوەی حیزبی دێموکرات و گڕوتین بەخشێنەوە بە خەباتی نەتەوەییدا خاڵ‌وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی حیزبی دێموکرات‌دایە. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی کودەتای ١٣٣٢ و پاشان ڕەشبگیری دەزگای سەرکوتی حەمەڕەزاشای پەهلەویدا کەوتبووە زیندان و لەسۆنگەی بیروباوەڕە سیاسی و نەتەوەییەکانیەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری قورسەوە. کاک عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور لە دەیەی ٥٠ی هەتاویشدا جارێکی دیکە کەوتەوە بەڕ ڕقی ساواک و خرایەوە بەندیخانە و، ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ زیندانییە بەناوبانگەکانی وەک عەلی عەموویی بەند کرا؛ دوای ئازادبوونیشی لە زیندان لە ساڵی ١٣٥٦دا، لەسەر داوای شەهید دوکتور قاسملوو بۆ کاروباری پێوەندیگرتن بە کەسایەتی و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە هەتا دوای سەرکەوتنی شۆڕشێ گەلانی ئێران لە شاری تاران مایەوە.

کاک عەبدوڵڵا یەکێک لە تێکۆشەرانی بە بیروباوەڕی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات بوو کە تەواوی تەمەنی لە سەنگەری خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەیدا بەسەر برد. ئەو مرۆڤێکی خەباتکار، خاکەڕا، بەئیرادە، خاوەن بۆچوونی سەربەخۆ، بەورە و دڵسۆزی دۆزی مافخوازیی ڕەوای نەتەوەکەی بوو. کاک عەبدوڵڵا هاوکات کادرێکی سیاسیی بەوەجی حیزب بوو کە لەسۆنگەی لێهاتوویی، شارەزایی و ئەرک‌وەخۆگرییەوە لە کۆنگرەی شەشەمدا وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە کۆنگرەی حەوتەمی حیزبیشدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەنگی متمانەی کۆنگرەی پێ درا.

نەمر عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور کەسی جێگەی متمانەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بوو. بەرپرسایەتیی کۆمیتەی حیزب لە ورمێ، کادری سیاسی لە هێزی باپیر (نحۆ شکاک)، بەرپرسایەتیی نەخۆشخانەی حیزب، بەرپرسایەتیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب، کادری ڕاگەیاندن، بەرپرس لە بەشی کۆمەڵایەتیی حیزب بەشێک لەو ئەرک و بەرپرسایەتییانە بوو کە نەمر عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیانی پێشمەرگانەیدا وەئەستۆی گرتبوو و بە سەرکەوتووییەوە ڕایپەڕاندبوون.

کاک عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشی و لەسەر بڕیاری د. شەرەفکەندی نێردرایە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بوو؛ بەڵام ئەوە بە مانای لەکاروەستان و کۆتایی خزمەتە سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نەمر عیزەت‌پوور نەبوو. ئەو تا دواهەناسەی ژیانی لە سەنگەری حیزبی دێموکراتدا درێژەی بە خەبات و پێگەیاندنی لاوانی وشیاری نەتەوەکەی دا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەرگی کاک عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور، کادرێکی سیاسیی بەوەج و کەسایەتییەکی شوێندانەری خۆی لەدەست دا. هاوکات بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری نەمر عەبدوڵڵا عیزەت‌پوور، خەڵکی ناوچەی ورمێ و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 ناوەندی بەڕێوەبەری

٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی