کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی

11:35 - 8 بەفرانبار 2722

سیاوەش ڕەسووڵی، بەندکراوی خەڵکی سەردەشت کە سزای ئێعدامی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانی لەدەست‌ دا.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، سیاوەش ڕەسووڵی، بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی سەردەشت لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، بەهۆی دەسپێڕانەگەیشتنی بە خزمەتگوزاری پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، و هەروەها ئازار و ئەشکەنجەی زۆرەوە گیانی لەدەست دا.

سیاوەش ڕەسووڵی، شەش ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش سێ ساڵ لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی بەندیخانە، لە خراپی دۆخی تەندروستیی ناوبراو، بەهۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لە نەخۆشخانەی مەدەنیی شاری کەرەج گیانی لەدەست دا.

جێی ئاماژەیە کە، بنەماڵەی ڕەسووڵی ئاگاداری تێکچوونی دۆخی تەندروستیی کوڕەکەیان نەبوون کە گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە و گیانی لەدەست داوە، بەرپرسانی بەندیخانەی کەرەج دوای گیانلەدەستدانی ئەو بەندکراوە لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا هەواڵەکەیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.