کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانێک لە نیووزلەند بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو

12:37 - 13 سەرماوەز 2722

کوردان و ئێرانییانی دانیشتووی وڵاتی نیووزلەند بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و دڵگەرمیی خەڵک بۆ بەردەوامبوون لە خۆپیشاندانەکان ڕێپێوانێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ١٢ سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بە هاواهەنگیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەندێک لە ڕێکخراو و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نیووزلەند لە شاری "ئۆکلەند" ڕێپێوانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەو ڕێپێوانەدا جەلال خاڵخاڵ بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نیووزلەند وتارێکی کورتی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو ئاماژەی بە دروشمی شۆڕشی ژینا، واتە "ژن، ژیان، ئازادی" کرد کە لە کوردستان و گوتاری ئازادیخوازانەی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە و پێداگرە لە سەر پاراستنی مافی ژیان و ئازادی بۆ هەموو مرۆڤەکانی ئێران بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە.

بەشداربووان بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و ئاڵای باقی نەتەوەکان ئازادانە لەو ڕێپێوانەدا کە ٢ کاتژمێری خایاند پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دەربڕی.