کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران _ کۆمیتەی فینلاند

17:36 - 9 بەفرانبار 2722

ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی هەیئەتی نوێنەرانى حیزبەکان و بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران_ کۆمیتەی فینلاند بەڕێوە چوو. 

سەرەتا جەهانبەخش خالیدی، سەرپەرەستی هەیئەت و جێگری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە فینلاند، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرۆکی دەورەیی ناوەندی هاوکاری بووە پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکانی لە هاوڕێیانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. 

دواتر بەپێی خشتەی کاریی دیاریکراو، خالیدی وەک دەستپێک باسێکی لەسەر بارودۆخی هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لە فینلاند و گرینگیی ناوەندی هاوکاری وەک ئۆرگانێکی شوێندانەر و بەهێز پێشکەش کرد.

ناوبراو لە باسەکەیدا پیداگریی لەسەر پەرەپێدانی پێوەندی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکان بە مەبەستی یەکیەتی و یەکدەنگی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان و بەتایبەتی لایەنە کوردستانییەکان و کاریگەرییەکانی تەبایی و لەیەک تێگەیشتن و یەکدەنگی کرد.

لە پێوەندی لەگەل باسەکانی نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەم هاوڕایی هەبوو هەمیش بۆ هەموو ئەگەرەکان بڕیار درا کە ئامادەیی و یەکگرتوویی ناوەند و هاوکاریی لە هەموو بوارەکاندا زۆرتر بکرێ و پێوەندیەکانمان تۆکمەتر بکرێ. 

دواتر نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە بەشداریی چالاکانەیان لە باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکەدا و قسەکردن لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەکان لە کاری پێکەوەیی ناوەند، وەڵامی ڕەخنە و تێبینیەکانیان دایەوه و ڕێگاچارەش بۆ کەم و کۆڕییەکان دانرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر داواکاریی ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ دیدار لەگەڵ ناوەندی هاوکاری کرا. 

لایەنەکان پاش دەربڕینی ڕاوبۆچوونی خۆیان وەک سیاسەتی ناوەند، جەختیان کردەوە کە دەبێ ئەولەویەت بۆ دیالۆک لەگەڵ ئەو لایەنانە بێ کە هاوڕا و پشتیوانی داخوازییەکانی پرسی کوردن و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەرین.

لەم پێوەندییەدا بڕیار درا کە هەنگاوی جیددیتر لەو بوارەدا هەڵگیرێ و هەمووان پێشوازییان لە دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کرد، بۆ ئەو مەبەستەش دوو هەیئەت دیاری کرا.