کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێکی ڕێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە وڵاتی دانمارک

12:44 - 13 سەرماوەز 2722

کۆڕێکی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز بەرانبەر بە ٣ی دێسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆڕێکی ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە شاری "Albertslund" لە نزیک کۆپێنھاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکی کۆڕیادەکەدا شاناز کاکەئازەر و مونیرە سەجادنیا وەک پێشکەشکارانی ئەم کۆڕیادە مەبەست لە پێکھێنانی ئەم کۆڕیادەیان بۆ بەشداربووان خستە ڕوو.

کۆڕیادەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن نیگار میرخانی خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا کە لەلایەن گرووپی بەڕێوەبەریی ئەم کۆڕیادەوە ئامادە کرابوو کڕنۆش بۆ باڵای بەرزی شەهیدان برا.

دواتر مامۆستا ئامانج لە بەشداربووانی ئەم کۆڕیادە پارچە مۆسیقایەکی لەژێر ناوی هاواری شەهیدان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە درێژەدا پارچە شێعرێک لەلایەن واحید نادری، پەخشانێک لەلایەن کەژوان یووسفی و دوو پارچە هۆنراوە لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانییەوە پێشکەش کران.

هەروەها پارچە شێعرێک بە زمانی دانمارکی لەلایەن مەحموود ئەردەم بە زمانی دانمارکی و پەخشانێک لەژێر ناوی بۆ باوکی شەهیدم لەلایەن خالید پاریاد پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

کۆڕیادەکە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.