کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی حیزب: ڕاپەڕین دژ بە دیکتاتۆری لە ئێران کۆمەڵێک دەرفەتی بۆ کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی خوڵقاندووە

17:00 - 13 سەرماوەز 2722

لە چاوپێکەوتنی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە، ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵ و پێگەی کورد لەم ڕاپەڕینەدا خرایە بەر باس.

ڕۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب، سەردانی پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریەی لە هەولێر کرد کە لە لایەن هەیئەتێکی ئەم حیزبەوە بە سەرەپەرستیی  دوکتور عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئێتلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەوە پێشوازی لێ کرا.

لە سەرەتای ئەم دیدارەدا وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک خالید عەزیزی باسێکی سیاسیی لە مەڕ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆڵ و پێگەی کورد لەم ڕاپەرینە و سیاسەتی سەرکوتی رێژیم بەرانبەر بە داوازییەکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە درێژەی قسەکانی‌دا تایبەتی پەڕژایە سەر ئەو دەرفەت و مەجالە سیاسییانەی کە لەم ڕاپەڕینەدا بۆ کورد و بزووتنەوە رەواکەی ڕەخساوە و، یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و هێز و لایەنەکانی کوردی وەک زامنی چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە لە قەڵەم دا.

وتەبێژی حیزب لە بەشیکی دیکەی وتەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی کوردستان و سەرکوتی سەختی خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی کوردستان، باسی لە سەر ئەو پیلان و سیاسەتانەی ڕێژیم کرد کە بە هەموو شێوەیەک پێوەیە لە ڕێگای سازکردنی شەڕ لە کوردستان و هێرش بۆ سەر حیزبەکان، بیرورای گشتیی خەڵکی ئێران لەم کات و ساتەدا بەلارێدا بەرێت و، لاوازیی و داماویی خۆی بەرانبەر بە ئیرادەی جەماوەری ڕاپەریوی ئێران پووش بەسەر بکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا هەیئەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سوورییە وێڕای تەئیدی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ناوەندی هاوکاری بەرانبەر بە ڕاپەڕین لە ئێران، باسی لە بارودۆخی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و هێندێک پرسی تایبەت بە دۆخەکە کرد.
لە کۆتایی‌دا هەر دوو هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە، پێوەندیی لە مێژینەی هەر دوو حیزب و درێژەدان بە دۆستایەتیی هەر دوولایان بەرز نرخاند.