کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکییەک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دانمارک

12:42 - 14 سەرماوەز 2722

”یەکگرتوویی پشتیوانی لە ڕابوونی گەلانی ئێران” بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا کە لە چەند مانگی ڕابردوو لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا دەستی پێ کردووە چالاکییەکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ١٢ی سەرماوەز بەرانبەر بە ٣ی دێسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ چالاکییەک لە ناوەندی شاری ئارھووسی وڵاتی دانمارک بە مەبەستی ناساندنی زیاتر و  ڕاکێشانی بیروڕای گشتیی هاووڵاتییانی دانمارکی بۆ پشتیوانیی لە شۆڕشی گەلانی ئێران بە بەشداریی ئەندامانی بەڕیوەبەریی یەکگرتوویی پشتیوانی لە ڕابوونی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەربەست ئورمییە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم چالاکییە مەبەستی سەرەکیی ئەم چالاکییەی بەرفراوانکردنی بەستێن بۆ چالاکییەکانی داهاتوویان، تێگەیاندن و هاندانی بیروڕای گشتیی هاوڵاتییانی دانمارک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان ناو برد و وتی بۆ ئەوەی کە لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆیان دەڕەخسێت و بە شێوەیەک کە لە تواناییاندا بێت، بتوانن بۆ پشتیوانیکردنیان ببن بە دەنگی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران، کوردستان و بەلووچستانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران.

هەر بۆیەش هەوڵیان داوە کە بە ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی بروشورێک بە زمانی دانمارکی، ڕاپۆرتێکی گشتی لەسەر ڕەوشی گەلانی ئێران لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندیدا و هۆکاری سەرهەڵدانی گەلان لە دژی ئەم ڕێژیمە، پێشکەش بە شارۆمەندانی هەرێمی چالاکییەکەیان بکەن.

لەو بروشورەدا باس لە ئاستی دڕندەیی و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمەوە کراوە و  ئاماژە بە ڕێژە و ڕەگەزی شەهیدانی ئەم سەرهەڵدانە بەتایبەتی و ڕێژەی شەهیدانی کەم تەمەن بە جیا کراوە. هەروەها  لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمەڵێک ڕێکار بۆ پشتیوانیی هاوڵاتییانی دانمارکی لەم سەرهەڵدانە پێشنیار کراون.

لەو چالاکییەدا بە دانانی تابلۆیەک لە وێنەی شەهیدانی سەرهەڵدان، هەوڵ دراوە کە ڕا و سەرنجی شارۆمەندان زیاتر ڕابکێشرێت.

لە درێژەی ئەم چالاکییەدا وێڕای بڵاوکردنەوەی بروشوری ئامادەکراو لەنێو خەڵکدا، هەوڵ درا کە بە شێوەیەکی ئامانجدار و بەگوێرەی پێویست وڵامی پرسیارەکانی هاووڵاتییان بدرێتەوە و داوایان لێ بکرێت کە لە چالاکییەکانی داهاتوودا پشتیوان و هاودەنگی یەکگرتوویی پشتیوانیی لە ڕابوونی گەلانی ئێران بن.

لەنێوئاخنی چالاکییەکەدا بەشداربووان کۆمەڵێک سروودی دانمارکییان وتەوە.

چالاکییەکە بە پێشکەشکردنی شانۆیەک لەلایەن گرووپی شانۆکارانی ناڕازی کۆتایی پێ ھات.