
خۆپیشاندانێک لەسەر بانگهێشتی ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی گەلی ئێران ـ پاریس بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرانسە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی "ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی گەلی ئێران - پاریس" کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە شاری پاریس لە گۆڕەپانی ڕێپوبلیک خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بە دڕندەییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بۆ پشتگیری لە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوە چوو.
لەم خۆپیشاندانەدا نوێنەرانی چەپ و حیزب و ڕێکخراوە دێموکراتەکانی فەرانسە پێکەوە پەیامی پشتیوانی لە داخوازییەکانی گەلانی ئێرانیان بە زمانی فەرانسەوی خوێندەوە و هەروەها وتارێکی تێروتەسل لەلایەن نوێنەری ئامنێستی ئینتێرناسیۆناڵ پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە درێژەی خۆپێشاندانەکەدا سەرجەم ئەو پارت و ڕێکخراوە سیاسیانەی کە بۆ ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی خەبات دەکەن وێڕای پشتیوانیی دووبارە لەو بانگەوازە خوازیاری هەڵوێستی سیاسی و دێموکراتیکیان لە هەموو ئەو هاونیشتمانییانە کرد کە پابەند بە ڕزگاری بۆ گەلانی ئێرانن.
هەروەها داوا کرا بە بەشداریکردن لەم جۆرە ڕێپێوانانەدا دەنگی خەڵکی ئێران بن و کوشتار و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر زەق بکەنەوە.
ئەم حیزب و لایەنانەی کە لەم خۆپێشاندانەدا بەشداربوون بریتین لە: "ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی گەلی ئێران، حیزبی چەپی ئێران (فدائيان خلق) – فەرانسە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – فەرانسە، ڕێکخراوی ئیتحادی فدائيان خەلق ئێران – فەرانسە، کۆمەڵەی کوردانی پاریس، فەرهەنگسەرای پوويا – پاريس".