کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە نۆروێژ

17:13 - 14 سەرماوەز 2722

کلیسای ئاشتی و دۆستایەتی لە ئۆسلۆ سێمینارێکی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی گەلانی ئێران بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کلیسای "ئاشتی و دۆستایەتی" لە ئۆسڵۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ سێمینارێکی بۆ پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و مافی مرۆڤ بەڕێوە برد.

لەو سێمیناردا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستانی، ئێرانی و نۆروێژی بەشدار بوون و پشتیوانییان لەو هەنگاوەی کلیسای "ئاشتی و دۆستایەتی" کرد.

ئامانجی سەرەکیی کلیسای "ئاشتی و دۆستایەتی" لە پێکهێنانی ئەو سێمینارە کە یەکێک لە کلیسا سەرەکییەکانی ئۆسلۆیە بریتی بوو لە: "ڕاگرتنی ئێعدام و کوشتنی منداڵان لە ئێران، ڕاگرتنی ڕەشبگیری و کوشتاری بێڕەحمانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بەتایبەتی لە کوردستان و بەلووچستان، کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئازادکردنی هەموو دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندان و زیندانییانی سیاسی لەنێو زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی لە مافی ژنان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی".

لەو سێمینارەدا ژمارەیەک کەسایەتی و ڕێکخراوی مەدەنیی نۆروێژی بەشدار بوون و بەو بۆنەوە پەیام و لێدوانیان دا کە ناوەرۆکی هەموو باسەکان لەسەر شۆڕشی ژینا، پشتگیری و پشتیوانی و هاودەردی لە گەلانی ئێران بەتایبەتی دوو گەلی کورد و بەلووچ بوو.

لە درێژەی باسەکانیاندا وێڕای مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان و بەلووچستان بەتایبەتی داوای ئازادکردنی دەسبەسەرکراوان و زیندانییانی سیاسییان کرد.

ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی کە پەیامیان پێشکەش کرد بریتی بوون لە:

ـ سەلیم حەقیقی، باوکی شەهید میلان حەقیقی کە لە شنۆ شەهید بوو.

ـ ڕەیحان ئەعزەمی، خوشکی شەهید جەماڵ ئەعزەمی کە لە جوانڕۆ شەهید بوو.

ـ ئاننە مای گراسۆس، کەشیشی کلیسا

ـ پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی ـ ئێرانی و حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی لەلایەن ئەوین ڕۆستەمی

ـ پەیامی حامید ئیسماعیلیوون، نوێنەری بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە بە مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران کەوتە خوارەوە.

ـ جمعیت ایرانیان نۆروێژ لەلایەن بێهروز ساکی

ـ ڕێکخراوی منداڵپارێزی نۆروێژ لەلایەن مونیکا سیگۆرد

ـ کۆمیتەی هێلسینک کە بۆ مافی مرۆڤ کار دەکا لەلایەن بێرحت هاگێن ئاگۆی.

لەو سێمینارەدا چەند سروودی کوردی و فارسی پێشکەش کران کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی بەشداربووان بەرەوروو بووەوە.

هۆڵی کلیسا بە وێنەی بەشێک لە شەهیدانی ڕاپەرینی گەلانی ئێران ڕازابووە کە سەرنجی بەشدارانی نۆروێژی ڕاکێشابوو.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا بەشداربووان بە هەڵکردنی مۆم، یادی شەهیدانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانیان بەرز ڕاگرت.