کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە کانادا بەڕێوە چوو

18:40 - 15 سەرماوەز 2722

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی کانادا، خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هەروەها دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، كۆمیتەی حێزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران بە هاوکاریی نەتەوەکانی دیکەی ئێران نیشتەجێ لە وڵاتی کانادا و لە شاری ڤانکۆڤێر، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و بەتایبەتی کوردستان و هەروەها دژی ڕێژیمی ئاخوندی بەڕێوە برد و چەندین پەیام و وتاریان لە خۆپێشاندانەدا پێشکەش کرد.

ئێرانییەكان و بەتایبەت كوردەکانی دانیشتووی وڵاتی کانادا بە دروشمدان و ڕێپێوان لە شوێنی خۆپیشاندان تا ناوەندی شار و گەڕانەوە بۆ شوێنی سەرەکیی بەڕێوەچوونی بەرنامەكە بە خەڵكی كانادایان نیشان دا كە ئەوان لە دەرەوەی وڵات پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەکەن.

بەشێكی دیكەی بەرنامەكە تەرخان كرابوو بۆ خەڵكی ئۆكراین، بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرین لە ئێران و بۆ مەحكوومكردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بە ناردی دڕۆن و مووشەک بۆ ڕووسیە بووەتە هۆی كوشتنی خەڵكی مەدەنیی لەو وڵاتە.

لەو خۆپیشاندانەدا چەندین كەسایەتیی كانادایی بە خوێندنی وتار پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی.

بەرنامەكە بە وتنەوەی دروشمی دژی ڕێژیم و بەتایبەت بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان بە وتنەوەی سروودی ئەی شەهیدان لەلایەن  كوردانی بەشداربوو كوتایی پێ‌هات .