کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولوود سوارە: ڕاپەڕینی ژینا و دروشم و بایەخەکانی لە کۆنگرەی SI دا ڕەنگیان دابۆوە

19:32 - 15 سەرماوەز 2722

دیمانە: عەلی بداغی

ئاماژە: بیست و شەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە ڕۆژانی هەینی هەتا یەکشەممە، (٤-٦ی سەرماوەز) لە مادریدی ئیسپانیا بەڕێوە چوو. شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک ئەندامی ئەسڵیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە سەرپەرستیی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب لە کۆنگرەکەدا بەشدار بوو. کاک مستەفا هیجری لە دووهەمین ڕۆژی کاری کۆنگرەدا وتارێکی پێشکێش کرد و بڕیارنامەیەکیش لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی ئێران و ڕاپەڕینی ژینادا پەسند کرا. هەروەها لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەپێناو ئاشتی، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سپاسنامەیەک پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا. "کوردستان" بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر کاروباری کۆنگرە و باس و دەرەنجامەکانی وتووێژێکی لەگەڵ مەلوود سوارە، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزب بۆ کاروباری ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست پێک‌هێناوە:

کاک مەولوود بەپێی دەستووری کاری کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست، گرینگترین باس و خواستەکانی ئەم کۆنگرەیە چ بوون؟

ئەم کۆنگرەیەش وەك هەموو کۆنگرەکانی دیکە باسەکان زۆرتر لەسەر پرسە گرینگەکانی ژینگە و سیاسەت و باس و خواسەکانی ئەندامانی ئەسڵی لەسەر رەوشی وڵاتەکانی خۆیان بوو. بەڵام لە هەمووی ئەوانە گرینگتر هەندێك گۆڕانکاریی بنەرەتی لە کاروباری ڕێکخراوەیی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست کران. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٦وە کە جۆرج پاپاندریۆ سەرۆکی ڕێکخراوەکە هەتا کۆنگرە بوو، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینینەوە کە لویس ئەیالا سکرتێری ئێس ئای بوو؛ لە کۆنگرەدا بەرپرسایەتییەکان گۆڕدران. بەمجۆرە پێدرۆ سانچێز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بوو بە سەرۆکی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست و هەروەها خاتوو بێنێدیکتا لاسی بوو بە سکرتێری ئێس ئای کە ئەم گۆرانکاریە بە خاڵ‌وەرچەرخانێك لە چارتی ڕێکخراوەیی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستدا دادەنرێت.

گرینگترین بڕیارەکانی کۆنگرە چ بوون؟

جگە لە گۆڕانکارییەکان لە چارتی ڕێکخراوەیی و گۆڕینی بەرپرسایەتییەکان کە لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسم کرد، پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی کۆنگرە کە یەك لەوان بڕیارنامانە لەسەر دۆخی ئێران و کوردستانی ئێران بوو، دەتوانین بە گرینگترین بڕیارەکانی کۆنگرە دابنێین کە لە دڵی باس و خواسە سیاسییەکانەوە دەرکەوتبوون..

ئەگەر ئیجازەم بدەن کەمێك زیاتر ئەم باسە بکەمەوە، دوای کۆنگرەی بیست و سێ (٢٠١٢ - ئەفریقای جنوبی- کەیپ تاون) کیشە کەوتە نێو ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لەمەر هەڵبژاردنەوەی دووبارەی لویس ئەیالا. ئەم کێشەیە کە لەم کۆنگرەدا سەری هەڵدا، لە کۆبوونەوەی شوڕای IS لە لێزبۆنی پۆرتۆغال (٣ی فێبریوێری ٢٠١٣) تەقییەوە و بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی و ئورووپا ڕۆژی ٢٢ی مەی ٢٠١٣ کۆمەڵ‌گرووپ یا ڕێکخراوێکیان بە ناوی پرۆگرێسیف ئەلاینس (هاوپەیمانی پێشڕەو) ڕاگەیاند و کۆنگرەی یەکەمی خۆشیان لە ڕۆژانی ١١و ١٢ی مارسی ٢٠١٧ لە ئالمان- بێرلین گرت.

دیارە ئەو لایەنانە جیا لە حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئید کە کشانەوەی یەکجاریی خۆی لە ئێس ئای ڕاگەیاند باقی حیزبەکانی دیکە هەر لە "ئێس ئای"دا مابوونەوە، بەڵام بەشداری کۆبوونەوەکان نەدەبوون. بۆیە بەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە بیست‌وشەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستدا لە مادرید کرا، پێـم وایە هەموو ئەو لایەنانەی دیکەش جارێکی دی دەگەرێنەوە نێو ئێس ئای. هەر لەوێش نوێنەری حیزبی کرێکاری بریتانیا لۆید ڕاسڵ مۆیل کە ئەندامی پارلمانی بریتانیاشە، لە وتارەکەیدا داوای ئەندامەتیی حیزبەکەی کردەوە و ئەوە دەسپێكێكە بۆ گەرانەوەی هەموو حیزبەکانی دی.

وتاری شاندی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەشدارانی کۆنگرەوە چۆن وەرگیرا؟

خەباتی دێموکراسیخوازی کورد لە ئێران و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست ئەو ستاتویەی بە حیزبی دیموکرات بەخشیوە کە باس و بابەتەکانی بەبایەخی زۆرەوە وەرگیرێن. ئەوە جیا لەوەی لە ئێستا ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ناوی ژینا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ئامانجی ڕاپەڕینەکە سنووری ئێرانی بەزاندووە و هەموو ئەوانەش کاکڵ و جەوهەری پەیامەکەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری‌یان پێ دێنا. بۆیە وتارەکەی بەڕێز بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتی زۆر بە ئەرێنی وەرگیرا. تەنانەت دەتوانم بڵێم کە دوای ئەویش ئەو بەها و بایەخ و باسانەی لە وتارەکەی کاک مستەفادا هاتبوون، لە وتاری جێگر و سەرۆك و بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی دیکەشدا ڕەنگی دایەوە.

شاندی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەدا دیدار و کار و چالاکییەکانی چۆن بوو؟

خۆتان دەزانن لەم کۆبونەوە و کۆنگرە و کۆبونەوەکانی ئیس ئای دا دیدارو چاوپێکەوتنەکان دووبارە دەبنەوە، بەڵام جیاوازیی دیدارەکانی ئەم جارە لەگەل کۆبوونەوەکانی پێشوو ئەوە بوو کە یەکەم حیزبی دێموکرات یەکی گرتۆتەوە و ئەوە قورسایی پتری بە پێگەی حیزبی دێموکرات لای ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە بەخشیبوو، دووهەم ئەوە کە بەرێز کاك مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەك کەسی یەکەم لەم کۆنگرەیەدا بەشدار بوو کە ئەوەش گرینگیی پتری بە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی شاندی حیزب لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دابوو.

هەروەه لە هەواڵەکانیشدا بەوەخت بڵاو بۆوە، کاک مستەفا هیجری کە سەرپەرستیی شاندی حیزبی لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست دەکرد، لە ڕۆژی دووهەمی کاری کۆنگرەدا و لە چەند دیدارێکدا دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان و دواگۆڕانکارییەکانی ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئەم وڵاتەی لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی سیاسیی وڵاتان هێنایە بەر باس. شاندی حیزب لەو دیدارانەدا بەجیا لەگەڵ "پیا لۆکاتێللی"، نوێنەری پارلەمانی ئوروپا، "لۆید ڕاسڵ مۆیل"، ئەندامی پارلەمانی بەریتانیا لە حیزبی کار و "تەمیرلان سولتانبەکۆڤ"، سەرۆکی پارتی سۆسیال دێموکراتی قرقیزستان کۆ بۆوە. لەو چاوپێکەوتنانەدا وێڕای ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئێستای جیهان، کاک مستەفا سپاسی هەڵوێستی ئەوانی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کرد.

هەروەها بۆ ئەم کۆنگرەیە نامیلکەیەك بە زمانی ئینگلیزی لە ٥٠ لاپەڕەدا ئامادە لەسەر بابەتی موشەک‌بارانی بنکە و بارەگا مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئامادە کرابوو، لەگەڵ کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تایبەت بە دۆخی کوردستانی ئێران و ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکە کە لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکاندا بەڕێز کاك مستەفا ئەو نامیلکەیەی پێشکەش دەکردن. بۆیە ئەمن پێـم‌وایە شاندی حیزبیمان هەم زۆر باش وەرگیرا و هەم توانی هەیئەتێکی سەرکەوتوو بێت لە ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆنگرەکەدا و گەیاندنی پەیام و قسەی خەڵک و شۆڕشی ئێستای ئێران بەو ڕێکخراوە گرینگە نێونەتەوەییە.

لە کۆنگرەدا ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات گیرا، لەو بارەیەوە ئەگەر ڕوونکردنەوەی زیاترمان بدەیتێ.

حیزبی ئێمە مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ ئینترناسیونال سۆسیالیستدا هەیە و دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید هەردووك سکرتێری حیزبمان دوای کۆبوونەوەکانی ئێس ئای بەداخەوە شەهید بوون. کەواتە حیزبی ئێـمە لەو ڕێگەیەدا بەهای یەکجار زۆر گەورەی داوە. لەلایەکی دیکەشەوە حیزبی دێموکرات بۆ ئامانجەکانی ئێس ئای کە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و دێموکڕاسی و مافەی مرۆڤە، هەم خەباتێکی دوورودرێژی کردووە، هەم تەوەری سەرەکیی خەباتی حیزبەشمان ئەو بەها و بایەخانەن کە قوربانیی زۆرمان بۆ داون و وەك ئەندامی ئەسلی ڕێکخراوەکەش هەمیشە پایەندیان بووین. کۆی هەمووی ئەوانە وای کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شانازیی ئەوەی بدرێتێ کە لەو شوێنە گرینگەدا ڕێزی لێ بگیردرێ. دیارە هەر بۆ زانیاریی خوێنەرانی "کوردستان" بەڕێز کاک مستەفا ڕێزنامەکەی لە دەست پێدرۆ سانچێز و خاتوو بێنێدیکتا لاسی، سەرۆک و سکرتێری هەڵبژێردراوی ئێس ئای و هەروەها جۆرج پاپاندریۆ و لویس ئەیالا، سەرۆک و سکرتێری پێشووی ڕێکخراوەکە وەرگرت.

هەر لە پرسیاری یەکەمدا باسی پەسندکرانی بڕیارنامەیەکی پێوەندیدار بە دۆخی کورد لە ئێران لە کۆنگرەکەدا کرد، بەڵام ئەم بڕیارنامەیە چەندە و چۆن دەتوانێ کاریگەریی لەسەر بڕیاری وڵاتان هەبێت؟

لەپێشدا دەمەوێ بڵێم بەخۆشییەوە ئەو بڕیارنامەیە کە لەسەر داوای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکێش بە کۆنگرە کرا و دواتر لەلایەن منەوە لە تریبوونی کۆنگرەوە شیکردنەوەی پتری لەسەر درا، بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە پەسند بوو؛ کە ئەمە خۆی دەسکەوتێکە.

سروشتییشە کە ئەم بڕیارنامانە بێ تەئسیر نابن، بەهۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئێس ئای لە وڵاتەکانی خۆیاندا یا لەنێو حکوومەت‌دان و یا لایەنی دووهەمن لە حکوومەتدا.

لە کۆنگرەی ژنانی ئەو ڕێکخراوەیەشدا کە چەند ڕۆژ پێشتر گیرابوو، خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی، کادری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی حیزب بە جێگری سکرتێری ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرا، گرینگی و بایەخی ئەو ستاتویە لە چیدا دەبینن؟

 کاتی خۆی دوکتور قاسملوو جیا لەوەی کە بیرو باوەرێكی قوولی بە سۆسیالیسم هەبوو و لەم پێوەندییەشدا حیزبەکەمان خەسارەتی زۆر گەورەی بۆ دا بەڵام چوونی دوکتور قاسملوو بۆ ئێس ئای جیا لە بیروباوەڕێك کە پێی بوو، من پێم وایە دوکتۆر قاسملوو پێویستی بە تریبونێك بوو بۆ زیاتر ناساندنی دەنگ و ڕەنگی کورد و گرینگیی ئەم سەکۆیە، جا بۆیە من پێـم وایە دوکتور توانی هەم لەم سەکۆیە کەڵك وەربگرێت و هەم ڕایەڵەیەکی بەهێز دروست بکات. هەڵبژاردنی هاوڕێی بەڕێزمان گوڵالە شەرەفکەندیش دەبێ لەم ڕاستایەدا هەلسەنگێن کە بێ شك دەتوانی هەم لە ستاتوی خۆی و  هەم لەم سەکۆیەدا زیاتر لە جاران بە بەرپرسایەتییەکی کە کەوتۆتە سەرشانی کەڵك وەربگرێت بۆ زیاتر ناساندنی کێشەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت کوردستان.

وەک دواپرسیار، ئەگەر بفەرموون بەشدارانی کوردی دیکە لە کۆنگرە چ لایەنێک بوون؟

ئەو حیزب و لایەنانەی کە وێڕای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون، بریتی بوون لە: یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی یەکیەتیی دێموکراتی سووریە.

سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا

سپاس بۆ ئێوە کە بایەخی پترتان بەو بەشدارییە دا.
 

ئەم وتووێژە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.