کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕۆڵ و کاریگەریی کوردستان لە سەر شۆڕشی ژینا، ڕوانگەی پێکهاتەکانی ئیرانی بەرانبەر بە کورد گۆڕیوە

12:56 - 16 سەرماوەز 2722

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆڕی ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئاکادمیک و سیاسی‌یەکانی باشووری کوردستان‌دا، باسی لە ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی کرد و گۆڕانکاری لە ڕوانگە و بۆچوونی پێکهاتە ئیتنیکییەکانی ئێرانی بەرانبەر بە کورد بە دەستکەوتێکی تا ئێستیای ئەم ڕاپەڕینە لە قەڵەم‌‌دا.

پاشنیوەڕۆی سێ‌شەممە، ڕیکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە لایەن ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان بە سەرپەرەستیی بەڕێز سەرۆقادر، بە بەشداریی دەیان کەس لە کەسایەتیی سیاسی و ئاکادمیک، کۆبوونەوەیەک بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک خالید عەزیزی لە شاری هەولێر ڕێک خرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆ قادر، بەرپرسی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان لە کوردستان وێرای بەخێرهاتنکردنی بەشدارانی کۆڕەکە، کۆبوونەوەی کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وتەبێژی حیزب لە سەر ڕاپەڕینی ژینا لە ئێران و کوردستان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بەم ڕاپەڕینە ڕوانگە و هەڵوێستی حیزبی خستە بەر باس.

لە سەرەتای باسەکەی‌دا وتەبێژی حیزب باسی لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە لە کوشتنی ژینا، هەڵوێستی خەڵکی کوردستان، هاتنە ئارای درووشمی ژن، ژیان، ئازادی‌یەوە تا پەرەسەندنی بۆ سەرجەم شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران کرد. لەم پێوەندییەدا بەڕێز عەزیزی باسی لە شوێنەوار و کاریگەریی ئەم ڕاپەڕینە لە سەر جۆری هەڵوێست و ڕوانگەی هێزو لایەنە ئێرانییەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی وڵات بەرانبەر بە کورد لە کوردستانی ئێران کرد و پێێ وابوو کە ئەمە جیا لەوەیکە دەسکەوتێکی گەورەیە، دەتوانێ دەرفەتێکی بەنرخیش بێت کە کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بتوانن بە قازانجی پرسی کورد لە ئێران کەڵکی لێ وەربگرن.

لە درێژەی باسەکەی‌دا وتەبێژی حیزب وێڕای پەرژانە سەر ئامانجەکانی ڕاپەڕین، نێوەرۆکی درووشمەکانی شەقام، یەکگرتوویی خەڵک، ڕۆڵی کورد و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران، ڕوانگە و بۆچوونی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیی و وڵاتان، باسی لە سیاسەتی ئینکار و سەرکوتکاریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی ڕاپەڕیو کرد و لەم پێوەندییدا بە وردی ئاماژەی بە پیلانەکانی سپای پاسداران لە کوردستان و هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی کوردستان کرد.

بەڕێز عەزیزی لە پێوەندی لە گەڵ داهاتووی ڕاپەڕینی خەڵک دژ بە دیکتاتۆری لە ئێران، بەردەوامیی خەڵک بە شێوەی یەکگرتووانە و لە درێژەی ئەودا درووستبوونی ئاڵترناتیڤی بە زەروورەتی ڕاپەڕین زانی.

لە بەشی کۆتایی کۆڕەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەشداران بە هێنانە بەرباسی ڕوانگە و بۆچوونەکانیان لە سەر ڕاپەڕین لە ئێران و پرسیار و تێبینییەکانیان لە سەر باسەکانی وتەبێژی حیزب، کۆڕەکەیان دەوڵەمەند کرد.