کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موحسێن سۆهرابی کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سنە ڕەفێندراوە، چارەنووسی ناڕوونە

18:18 - 17 بەفرانبار 2722

موحسێن سۆهرابی، وەرزشوان و پزیشکی خەڵکی بۆکان، کە لە شاری سنە نیشتەجییە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی ناوبراو هەتا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، موحسێن سۆهرابی، خەڵکی بۆکان، دوای تەواوبوونی کار و هاتنەدەرەوەی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراوە و ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدایە، کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، لە پێوەندییەکی تەلێفونیدا، داوایان لە ناوبراو کردبوو سەردانی ئەو ناوەندە بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای ڕفاندنی موحسێن سۆهرابی، بە مەبەستی پشکنین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە شاری سنە.

موحسێن سۆهرابی، وەرزشکاری لەشجوانییە و لە پێشبڕکێکانی ئاستی ئێرندا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە، هەروەها ناوبراو لە دەستەی دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی خێرخوازیی تیشکی مێهری منداڵان لە شاری سنەیە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە یەک حەوتوو بەسەر ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە، هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نادیارە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێ ئاکام ماوەتەوە.