لە وڵاتی ئۆتریش ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەسەر داوای ڕێخکراوی مافی مرۆڤ بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەشێک لە ئازادیخوزانی ئێرانی و کوردستانیی دانیشتووی شاری ڤییەن لەبەر دەرگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری ڤییەن لەسەر داوای ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
مەبەست لەو ڕێوڕەسمە ڕێزگرتن لە شەهیدان دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بوو کە لەلایەن بەشداربووانی ڕێوەڕسمەکەوە گوڵ لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان داندرا و ڕێز لە خەبات و ئاشتیخوازیی دوکتور قاسملوو گیرا.
پاشان لەلایەن دوکتور حەسەن نایب هاشمی، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ڤییەن باسێک لەسەر چۆنییەتیی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش به بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
ناوبراو ئەو جینایەتەی جینایەتکارانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد و هاودەردیی خۆی ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان کرد.
پاشان دوکتور خوسرەو بەهرامی، باسێکی لەسەر شۆڕشگێڕی و زانایی و ئاشتیخوازیی دوکتور قاسملوو ئاراستەی بەشداربووان کرد.
دواتر عەتا نەسیری، باسێکی لەسەر گیروگرفتەکانی سەر ڕێگای دانانی مۆنومێنەتەکە و نووسراوەکانی سەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کرد کە لەلایەن دەوڵەتی ئۆتریش ساز کرابوون.
لە کۆتاییدا بەشداربووان چوونە گۆڕستان و ڕێزیان لە شەهیدانی دیکەی نەتەوەکانی ئێران گرت.