کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە ئاڵمان بە بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

17:00 - 18 بەفرانبار 2722

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خۆپیشاندانێک کە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە شاری بۆن بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی سوڵتان گوڵابی، ئەندامی کۆمیتەی حیزب و بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان لە خۆپیشاندانێک لە شاری بۆن کە لەلایەن گرووپی ''فراو، لێبن، فرایهایت بۆن'' (Frau Bonn- Freiheit Leben) ڕێک خرابوو، بەشدارییان کرد.

لەو خۆپیشاندانە جگە لە کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی و کورد و میدیا ئێرانی و ئاڵمانییەکان، ژمارەییەکی زۆر لە کەسایەتیی ئاڵمانی و ئەندامانی پارلمانی ئاڵمان، لەوانە خاتوو جێسیکا ڕۆزنتال لە حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان و خاتوو کاترین ئوولیش لە حیزبی سەوزەکان بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە لەلایەن هۆمایوون، وتەبێژی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە کرایەوە و دواتر  لەعلا کەیخوسرەوی ئەندامی شاندی حیزب بە زمانی ئاڵمانی وتارێکی تێروتەسەلی لەسەر دۆخی کورد لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکی کورد پێشکەش کرد. 

کەیخوسرەوی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشی تێرۆریستیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کرد و  ئاماژەی بە ڕێژەی شەهیدانی کوردستان لە شۆڕشی ژینا کرد.

ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەیدا داوای لە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و بە تایبەت حکوومەتی ئاڵمان کرد کە سەرەڕای پشتیوانی لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران، سپای تێروریستیی پاسداران بخەنە نێو لیستی تێرۆری یەکیەتیی ئۆرووپا و وڵاتی ئاڵمان و بایکۆتی زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی تاران.

پاش وتەکانی خاتوو لەعلا، هەژار خادمی، ئەندامی شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەر دوو زمانی فارسی و کوردی وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

ناوبراو سەرەتای قسەکانی بە وتەیەکی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو دەست پێ کرد، کە هەر نەتەوەییەک ئازادیی بووێ، دەبێت نرخی ئەو ئازادییەش بدات. دواتر بەڕیزیان وێڕای باس لە دۆخی شارەکانی کوردستان و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان، ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی دایک و باوک و بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان کرد کە چۆن لەسەر مەزاری ڕۆڵە شەهیدەکانیان دژی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی دەوەستنەوە و پێداگری لەسەر مافی نەتەوەیی خۆیان و گەلەکەیان دەکەنەوە.

خادمی سەڕەڕای پێداگری لەسەر خواستەکانی گەلی کورد ئاماژەی بە دۆخی خراپی شارەکانی کوردستان و بە تایبەت شاری جوانڕۆ و ڕێژەی زۆری گیراوان و شەهیدانی ئەو شارە کرد.

خادمی سەبارەت بە بانگەواز بۆ کۆبوونەوە لەسەر مەزاری شەهیدانی ڕاپەڕین، باسی لەوە کرد کە بست بە بستی کوردستان مەزاری شەهیدێکە و بە ئاماژەدان بە شەهیدکرانی ڕێبەرانی گەلی کورد لە ڤییەن و بێرلین، داوای لە حکوومەتی ئاڵمان کرد کە بە خستنە لیستی تێرۆری سپای پاسداران وڵامێکی گۆنجاو بە کردەوەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بداتەوە.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا چەندین چالاکوانی ئێرانی، ئۆکراینی و ئاڵمانی باسی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی ئێرانیان کرد و هۆنەرمەندی ئاڵمانی ـ ئێرانی خاتوو دەریا بە گۆرانییەکی ئینگلیزی یادی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی کردەوە.

خۆپیشاندانەکە بە وتاری هەردوو پارلمانتاری ئاڵمانی خاتوو جێسیکا ڕۆزنتال و خاتوو کاترین ئوولیش کۆتایی پێ هات.

ئەو دوو خاتوونە لە قسەکانی خۆیاندا بەتوندی لەسێدارەدانی گیراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان شەرمەزار کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی.

سەبارەت بە خستنە نێو لیستی تێرۆری سپای پاسداران، خاتوو ڕۆزنتال ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا هەم لە ئاستی پارلمانی ئاڵمان و هەمیش لە ئاست یەکیەتیی ئورووپا بە پێداگرییەکی بێوێنەوە تێدەکۆشرێت کە ئەو ڕێکخراوە بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە.

سەبارەت بەو باسە خاتوو ئوولیش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانیش لە فراکسیۆنی حیزبی سەوزەکان بە چڕی سەرقاڵی ئەوەن تا دژی ڕێژیم هەڵوێستی گۆنجاویان هەبێت و بتوانن لە کۆتاییدا سپای پاسدارانیش بخەنە نێو لیستی تێرۆری یەکیەتیی ئورووپا.

ئەو خۆپیشاندانە، بە وتنەوەی دروشم و ڕێپێوانێک لەنێو شاری بۆن و چوونە سەر گۆڕستانی یەکێک لە قوربانییانی تێرۆریزمی دەوڵەتی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆن کۆتایی پێ هات.