کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی تایبەت بە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

18:12 - 18 بەفرانبار 2722

سێمینارێک بۆ نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان لەلایەن "یەکیەتیی نووسەرانی کوردستان - سووریە" لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو کە تێیدا جەخت لەسەر پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانبار سێمینارێک بۆ نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان لەلایەن "یەکیەتیی نووسەرانی کوردستان - سووریە" لە وڵاتی ئاڵمان پێک هات کە لەو سێمینارەدا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ڕۆشەنبیرانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون.

حیسام ئەحمەدی، نوێنەری كومێتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لەو سیمینارەدا بەشدار بوو.

ناوبراو لەو سێمینارەدا وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەتەوەییانە لە دژی دوژمنانی کورد و بەرپرسیاربوونی ئەو توێژە گرینگەی کوردستان لەهەمبەر ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کورد و کوردستاندا کرد.

نوێنەری كومێتەی حیزب ئاماژەی بەوە دا کە ڕەخنە و ڕەخنەگری لە جێگرکردنی کولتووری دواکەوتووانەی دوژمنان لە کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەرکی ڕۆشنبیرانی کورد و نابێ لەو ئەرکەیاندا کەمتەرخەم بن. 

ئەحمەدی ئاماژەی بە گرتن، کوشتن و سەپاندنی حوکمی سێدارە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەسەر خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و هاوکات باسی لەوە کرد کە لەو دۆخە هەستیارەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە، ڕێوڕەسمی جێگای سەرسوڕمان بۆ تێرۆریست قاسم سلێمانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەریوە دەچێت کە دەبێ ڕووناکبیر و نووسەرانی کورد لە ئاستیدا بێهەڵوێست نەبن.

لە کۆتاییدا بەشداربووانی سێمینارەکە و بە تایبەت یەکیەتیی نووسەرانی کوردستان - سووریە پێداگر بوون لەسەر پشتیوانیی بەردەوام و هاوخەباتیان لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شۆڕشێکی مافویستانەیان دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەست پێ کردووە.