کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو

16:33 - 19 بەفرانبار 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە برد.

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی بێلژیک، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی  سەدان کەس  خۆپیشاندانێکی بەرین بە مەبەستی لەقاودانی جینایەتەکانی  کۆماری ئیسلامی لە ماوەی  ٤٣ ساڵی ڕابردوو و بەتایبەتی  لەقاودانی سێ ساڵەی  جینایەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە لە ناوەندی شار "گێنت" لە وڵاتی بێلژیک بە خوێندنەوەی پەیامی ڕێکخەرانی خۆپیشاندان دەستی پێ کرد و بەوردی باسی هەموو جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە کرد.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا باسێک لەسەر فتوای جیهادی خومەینی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵاتگەیشتنیەوە تا ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی خەڵخاڵی لە کوردستان وەکوو یەکەمین دیاریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان کرا.

پاشان پەیامی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی ئۆکراینی پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا ڕێپێوانێکی گشتی لە ناوەندی شارەوە بە دروشمی دژ بە ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کرد و بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر وێنەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.