کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

11:35 - 21 بەفرانبار 2722

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مەهدی ئازین و ئارمین ئەڵماسی" خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، بە ناوەکانی" مەهدی ئازین" کاریکاتۆریست و "ئارمین ئەڵماسی"، لە بەردەم بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

مەهدی ئازین و ئارمین ئەڵماسی بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر" محەممەد برووغنی و محەممەد قوبادلوو" لە بەردەم بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج کۆ بوونەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

پێشتر "محەممەد برووغنی و محەممەد قوبادلوو" لە کاتی ڕاپەڕینی گەشتیی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا بە تۆمەتی "موحاربە" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.