هەیئەتێک لە کورد و ئێرانی بە سەرپەرستیی "بێری شەڵماشی"، لەسەر بارودۆخی کوردستان و ئێران، سەردانی سەرۆکوەزیرانی "هولەند"یان کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی کورد و ئێرانی، بە سەرپەرستیی "بێری شەڵماشی" چالاکی مەدەنیی دانیشتووی وڵاتی هولەند، لەسەر دۆخی خۆپیشاندەرانی بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی و بە گشتی گەلانی ئێران، لەگەڵ "مارک ڕوتە" سەرۆکوەزیران و "هۆکسترا" وەریزی دەرەوەی هولەند، چاوپێکەوتنیان کرد و پێشلکارییەکانی ماڤی مرۆڤی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ دەوڵەتی ئەو وڵاتە شی کردەوە.
لەمبارەوە بێری شەڵماشی بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند کە لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی هولەند، باسیان لەوە کردووە کە هولەند چۆن بۆی دەکرێت لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆی گوشاری توند بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی کۆتایی بە پێشێلکاری و سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران بهێنێت و هەروەها وتیشی: ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە کردووە کە دەوڵەتی هولەند هەوڵ بدات سپای پاسداران کە ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە تێرۆر و کوشاری گەلانی ئێران، بخاتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.