کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرانا: ٥٢٠ خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا شەهید کراون

17:26 - 21 بەفرانبار 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا ڕێژەی خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو و شەهیدکراو لە خوێندکاران، منداڵان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هەتا ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، ٥٢٠ کەس لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان شەهید کراون کە لەو ڕێژەیە ٧٠ کەسیان منداڵ و تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە.

هەروەها ١٩ هەزار و ٣٩٦ خۆپیشاندەر دەسبەسەر کراون کە  لەو ڕێژەیە  ٧٠٨ خوێندکار و ١٦٣ منداڵ دەسبەسەر کراون کە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدایە.

هێرانا لەو ئامارەدا بڵاوی کردووەتەوە کە ٧٠٤ کەس لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو حوکمیان بۆ دەر کراوە کە چوار کەسیان لەسێدارە دراون و ١١٠ کەسیش لەگەڵ تۆمەتی قورس بەرەوڕوون، هەروەها بە گشتی ماوەی ١٠ هەزار و ٨٨٦ مانگ بەند بۆ دەسبەسەرکراوان دەر کراوە.

لەو ئامارەدا هاتووە کە هەزار و ٢٥١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکان و زانکۆکانی سەرتاسەری ئێران بەڕێوە چووە، هەروەها لە ١٦٣ شار و ١٤٤ زانکۆ خۆپیشاندان بە دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چووە.