کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرانا: لە دەسپێكی ڕاپەڕینەکانەوە تا ئێستا ٦٨٣ خوێندکار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون

08:26 - 12 بەفرانبار 2722

لە دەسپێکی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێرانەوە تا ئێستا ٦٨٣ خوێندکار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها ٤٠ خوێندکاری زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران، بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕینەوە لە خوێندن هەڵپەسێردراون.

هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: "بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسی حەراسەتی زانکۆی ئەمیر کەبیر ٤٠ خوێندکاری ئەو زانکۆیە بەهۆی بەشدارییان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان تا کاتێکی نادیار لە خوێندن هەڵدەپەسێردرێن و لە هەموو مافەکانیان بە تایبەتی لە خابگاە و سالۆنی نانخواردن، بێبەری دەکرێن. 

شایانی باسە کە بەهۆی زۆربوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی خوێندکاران و هەروەها پەیوەستبوونی خوێندکاران بە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێرانەوە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم بە دانانی یاساگەلێکی قورس و نوێ ئاییننامەی ئینزیباتیی خوێندکارتی زانکۆیان بە تەواوەتی گۆڕیوە.

بەپێی ئەو ئاییننامە نوێیە لە بەندەکانی"٣٨ ،٤٣ و ٤٤"دا هاتووە کە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە ڕێگەی دروشم نووسینەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆ قەدەغەیە و سزای قورسی لەسەر دەبێ.