کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە

16:32 - 22 بەفرانبار 2722

لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیم دژی خەڵکی کوردستان و هەروەها ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم سێ هاووڵاتییان لە شارەکانی "سەقز، سنە و نەغەدە" دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی دەسبەسەرکردنی لاوانی کوردستان لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم لە کوردستان، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری نەغەدە دوکتۆرێکیان بە ناوی" ئەمیر مەشعووفی" بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ڕێژیم لە شاری سنە هاووڵاتییەکی ئەو شارەیان بە ناوی "ڕەزا فەهیم" دەسبەسەر کردووە، هەروەها لە شاری سەقز هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی" دانیاڵ مەسوونی" خەڵکی شارۆچکەی ساحێبی سەقز لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە.